عەبادی داوای کۆمەکی زیاتر له‌ ئه‌مریكا ده‌كات


وێستگه‌ نیوز

سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ 20ی شوباتی 2017، لە بەغدا پێشوازیکرد لە وه‌فدێكی ئه‌مریكایی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئه‌و وڵاته‌. 

 بە گوێرەی راگەیاندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، عەبادی و ماتیس گفتوگۆیان له‌سه‌ر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی و شه‌ڕی دژی داعشیش كردووه‌ و باسیش لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی به‌ری راستی  موسڵ کراوە.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختیکردووەتەوە لە بایەخی پشتیوانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە وڵاتەکەی لەشەڕی دژی داعش، دووپاتیکردووەتەوە کە هیچ سوپایەکی بیانی لەناوخۆی عێراقدا شەڕ ناکات، بەڵکو تەنها راوێژکاری سەربازی هەیە و ئەوەش کە سەرکەوتنەکانی تۆماکردووە سوپای عیراقە.

عەبادی جەختیکردووەتەوە لە کۆتایی هێنان بە داعش و ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئێستادا ئەوان لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکان، بۆیە لەم کاتەدا پێویستیان بە پشتیوانی کۆمەکی زیاترە.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ وڵاتەکەی پشتیوانی تەواوی عیراق دەکات لەشەڕی دژی تیرۆر و لە بوارەکانی دیکە و ستایشی سەرکەوتنەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عیراقی کردووە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، لەوبارەیەوە وەزیری ماتیس ئاماژەی بەوەکردووە، کە میدیا جیهانییەکان وەک پێویست ئاماژە و گرنگیان نەداوە بە سەرکەوتنەکانی سوپای عیراق.


PM:07:58:20/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1345 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت