سه‌فین دزه‌یی: پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ ده‌كه‌ین


وێستگه‌ نیوز ـ
سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، حكومه‌ت سه‌رقاڵی دیراسه‌ و پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، به‌ڵام جارێ هیچ بڕیارێك نه‌دراوه‌ و ته‌نیا دیراسه‌كراوه‌".


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ی شوباتی 2017، سه‌فین دزه‌یی، وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2016 دا بڕیاری پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه‌ بڕیارێكی زه‌حمه‌ت بوو، ئێستاش وه‌زاره‌تی دارایی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رقاڵی پلانێكن بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌، هه‌ر بڕیارێكیش بدرێت هه‌وڵده‌درێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مووچه‌خۆران بێت".

له‌باره‌ی كاتی بڕیاره‌كه‌ش كه‌ پێشتر ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌بوو مانگی سێی ئه‌مساڵ پێداچوونه‌وه‌ به‌ مووچه‌دا ده‌كرێت، دزه‌یی وتی "ناتوانم كاته‌كه‌تانم پێبڵێم، چونكه‌ تا ئێستا لیژنه‌كان كاری خۆیان ته‌واونه‌كردووه‌، هه‌ركاتێك كاره‌كانیان ته‌واوكرد، پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت و ئه‌وكات بڕیارده‌درێت".

به‌ وته‌ی سه‌فین دزه‌یی، ده‌ستكاریكردنه‌ له‌سه‌ر سێ خاڵ ده‌وه‌ستێت: ئه‌و داهاته‌ی حكومه‌ت ده‌ستیده‌كه‌وێت، كاتی گه‌یشتنی داهاته‌كه‌ و ئه‌و پێشنیازانه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و لیژنه‌كان بۆ پێداچوونه‌وه‌ پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێن.

وتیشی: "خواستی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا بدات، ئه‌وه‌ی تا ئێستاش كراوه‌ به‌ خواستی حكومه‌ت نه‌بووه‌ و به‌ناچاری بووه‌".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنی سێشه‌ممه‌ 21ی شوباتی 2017، د. رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: حكومه‌ت له‌ به‌رنامه‌یدایه‌ ئه‌گه‌ر بۆی بكرێت له‌ مانگی سێدا ده‌ستكاری رێژه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ بكات.


PM:12:23:22/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 4501 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو