هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
لە چوارچێوەی‌ هێرشەکانی‌ سوپا و هێزە عیراقییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی‌ بەری‌ رۆژئاوای‌ موسڵ هێزەکانی‌ دژە تیرۆری‌ عیراق رایگەیاند، چوونەتە فرۆکەخانەی‌ موسڵ و سەربازگەی‌ غەزلانییەوە.

بە وتەی‌ سەرچاوەیەک لە هێزەکانی‌ دژە تیرۆری‌ عیراق، بە هاوبەشی‌ لەگەڵ هێزی‌ وەڵامدانەوەی‌ خێرا چوونەتە فڕۆکەخانەی‌ موسڵەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی‌ لەوەشکرد کە لە هەمان کاتدا هێزەکانی‌ دژە تیرۆر چوونەتە سەربازگەی‌ غەزلانییەوە کە دەکەوێتە باشوری‌ ڕۆژئاوای‌ شاری‌ موسڵەوە.

لەلایەکی‌ دیکەوە فڕۆکەکانی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ عیراق هەزاران نامەی‌ بەسەر گەڕەکەکانی‌ رۆژئاوای‌ موسڵدا بەردایەوە.

شانەی‌ جەنگی‌ عیراق بڵاویکردەوە، نامەکان بە دەستی‌ هاوڵاتیانی‌ نیشتەجێی‌ بەری‌ رۆژهەڵاتی‌ موسڵ نوسراون، وێڕای‌ نیشاندانی‌ خۆشەویستی‌ خۆیان داوایان لە هاوڵاتیانی‌ بەری‌ رۆژئاوای‌ شارەکە کردووە هاوکاریی‌ هێزە ئەمنییەکانی‌ عیراق بکەن.

لە 19ی‌ ئەم مانگەدا حەیدەر عەبادی‌، سەرۆک وەزیران دەستپێکردنی‌ ئۆپراسیۆنی‌ کۆنترۆڵکردنەوەی‌ بەری‌ رۆژئاوای‌ موسڵی‌ رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی‌ ئۆپراسیۆنەکەشدا وێستگەیەکی‌ کارەبا و ژمارەیەک گوند کۆنترۆڵکرانەوە.


AM:09:38:23/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1381 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت