حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: كورد فۆبیای سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه و ئه‌وه ده‌رفه‌تێك بوو رۆیشت
وێستگه نیوزـ
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی، سیاسه‌تمه‌دار و بیرمه‌ندی عیراق، پێی وایه كه كورد فۆبیای سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه، ده‌رفه‌تێك هه‌بوو و بارودۆخ هه‌بوو بۆ ئه‌وه، به‌ڵام رۆیشت، له‌ساڵی 2003 ئه‌وه‌ی ده‌هات بۆ عیراق ده‌چووه لای پێشمه‌رگه بۆ ئه‌وه‌ی بیانپارێزێت، به‌ڵام ئه‌مان چوون بۆ ئه‌نجوومه‌نی حوكم و مشتومڕیان له‌سه‌ر ئه‌وه بوو چه‌ند كورسییان هه‌بێت.
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی، سیاسه‌تمه‌دار و بیرمه‌ندی عیراق له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ به وردی باسی له نامه‌كه‌یه‌كی عیزه‌ت دووری كردووه كه چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر بۆی ناردووه، عه‌له‌وی ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ری زۆره مالكی بیته‌وه ده‌سه‌ڵات و خاڵی به‌هێزیشی لاوازی ده‌وڵه‌ته".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه كورد سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له عیراق جیاببنه‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش سوننه پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ن و بۆخۆشیان باسی هه‌رێم ده‌كه‌ن له‌دوای رۆیشتنی داعش، حه‌سه‌ن عه‌له‌وی وتویه‌تی: "كورد فۆبیای سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه، ده‌رفه‌تێك هه‌بوو و بارودۆخ هه‌بوو، به‌ڵام رۆیشت، له‌ساڵی 2003 ئه‌وه‌ی ده‌هات بۆ عیراق ده‌چووه لای پێشمه‌رگه بۆ ئه‌وه‌ی بیانپارێزێت، به‌ڵام ئه‌مان چوون بۆ ئه‌نجوومه‌نی حوكم و مشتومڕیان له‌سه‌ر ئه‌وه بوو چه‌ند كورسییان هه‌بێت، نه‌چوون جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌ك بۆ كوردستان به‌ده‌ست بهێنن، كورد هه‌ڕه‌شه به سه‌ربه‌خۆ بوون ده‌كه‌ن، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه و نابێت، ئێوه وه‌كو هه‌موو گه‌لانی دونیا مافی ئه‌مه‌تان هه‌یه، تۆ مافێكی نه‌ته‌وه‌ییت هه‌یه و یاسا باسی كردووه وه‌كو ئه‌وه‌ی له پرەنسیپه‌كانی سه‌رۆك وێڵسن بێت یان ئه‌وه‌ی لینین باسی كردووه یان كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان كه باسییان كردووه، تا ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باسی كردووه، یان ده‌بێت ئه‌مه باس بكه‌یت و ئه‌وه‌ش به به‌شێك له مافی چاره‌ی خۆنووسینی خۆت بكه‌یت و گوزارشتی لێ بكه‌یت لانی كه‌م وه‌كو مافی نه‌ته‌وه‌كان، یان بێده‌نگ بیت و خۆت به به‌شێك له ده‌وڵه‌ت بزانیت".
وتیشی: "كورد رۆژانه هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆبوون و بوون به ده‌وڵه‌ت ده‌كات، نابێت خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی بوون بكرێته به‌ردێك و بیگریته نه‌یاره‌كه‌ت، من له‌و كه‌سانه‌م كه له‌گه‌ڵ مافی گه‌لی كورددام و به‌ناوبانگم له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌لی كورددام، ئێمه له رۆژهه‌ڵات سێ گه‌ل بووین و پێویستمان به گه‌لی چواره‌م بوو كه گه‌لی كورده، گه‌لی عه‌ره‌ب و گه‌لی تورك و گه‌لی فارس له‌م ناوچه‌یه هه‌بوون و نه‌مانهێشت ببنه گه‌لی چواره‌م، ئیسرائیل هات و بوو به گه‌لی چواره‌م، ئه‌گه‌ر باسی مافی كورد بكه‌م ده‌ڵێن تۆ ئیسرائیلیت، ئێوه ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلتان دروست كردووه، و چوون بۆ ئیسرائیل و ئاڵای ئیسرائیل له وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌یه و نوێنه‌رتان له‌وێ هه‌یه، تۆ ئیسرائیلیت نه‌ك من، تۆ وات كرد كه ئیسرائیل له رۆژهه‌ڵات ده‌وڵه‌تی هه‌بێت و ببێته چواره‌م گه‌ل، كێ له‌مه به‌رپرسه كورد خۆیان."
عه‌له‌وی روونیكردووه‌وته‌وه كه بۆیه له‌رووی سیاسییه‌وه ده‌رفه‌ت بۆ كوردی عیراق بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌باره، "به‌ڵام بنكه‌یه‌كی پته‌ویان نییه، من پێشتریش ره‌خنه‌م له و ستراتیژییه گرتووه كه هه‌یانه كه ناوم لێ ناوه ستراتیژییه‌تی مۆڵ و مۆبایله‌كان، كه كۆمپانیاكانیان كردوویانه له‌گه‌ڵ ئه‌و خانوو و باڵه‌خانه و فێڵایانه‌ی هه‌یه، بۆیه ده‌وڵه‌ت دروست كردن به‌م شتانه نابێت، ده‌توانیت له كوخه‌كانیش ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌یت، ڤێتنام به نموونه كوخه، بۆیه مۆڵه‌كان هێما نییه بۆ پێشكه‌وتن، ئه‌مانه پێیان ده‌ڵێن پاره دۆشین، ئێستا تۆ لیترێك شیرت نییه، شیر و ماستت له بیابانه‌وه بۆ دێت له سعوودیه، بۆیه من باسی ئابووریی بزنم كردووه، پێشتر سێ ملیۆن بزنمان هه‌بوو، كوردستان ئابووریی به‌هێزی هه‌بوو له كشتوكاڵ و پێست و باشترین جۆره‌كانی گه‌نم و جۆ هی كوردی بوون، ئێستا جوتیارمان نییه، ده‌بێت خه‌ڵكی بیانی بهێنین ئه‌مه چۆنه؟، بۆیه ئێستا ئه‌وه‌ی هه‌یه بنكه‌كانی ده‌وڵه‌ت بوونییان نییه، ئاره‌زووی بوون به ده‌وڵه‌تیش دوودڵه و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی بوونیش تووشی دڵه‌ڕاوكێ بووه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ماڵی كورد رێك نییه، پێم وایه ناكۆكییه‌كانیش كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌بێت".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌شدا سه‌باره‌ت به قۆناغی دوای داعش، حه‌سه‌ن عه‌له‌وی ئاشكرایكردووه: "من بۆ یه‌كه‌م جار له‌رێگه‌ی ئاژانسه‌كه‌ی ئێوه‌وه نهێنییه‌ك بۆ رای گشتی ئاشكرا ده‌كه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه پێش زیاتر له سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر په‌یامێكم له به‌ڕێز عززه‌ت دوورییه‌وه پێگه‌یشت، پەیامەکەی گه‌یشته ئه‌م ماڵه‌م له هه‌ولێر، نزیكه‌ی چوار هه‌زار وشه ده‌بێت، ئه‌توانم ناوی بنێم سپارده‌یه‌كی سیاسی، تێیدا باسی شتی تایبه‌تی نێوان هه‌ردووكمان ده‌كات چونكه پێشتر ئێمه پێكه‌وه كارمان كردووه، باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌و ماوه، ئه‌و نامه‌یه‌ی پێش مانگ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر پێم گه‌یشت. عززه‌ت دووری له‌و سپارده‌یه ده‌ڵێت كه دوای داعش داعشێكی دیكه دروست ده‌بێت، بۆیه ئێمه پێش ئه‌وه‌ی داعشێكی دیكه دروست بێت، رێگری لێ بكه‌ین و وتوێژ بكه‌ین، دووری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی به من داوه له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتان و پێكهاته و لایه‌نه‌كان وتوێژ بكه‌م، له‌نێویاندا توركیا، ئێران، سعوودیه، كوێت، ته‌نها حكوومتی عێراق نه‌بێت كه ده‌ڵێت حكوومه‌تی عێراقی حكوومه‌تێكی به‌كرێگیراوه و نابێت په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ببه‌ستین و ته‌نها له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستین، له په‌یامه‌كه‌دا ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێت ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌عێراق دروست ببێت و کۆتایی بەخوێن رشتن بێت و وه‌كو به‌عسییه‌كان چه‌ك داده‌نێن، ئه‌وه بۆچوونی خۆیانه، ئه‌و وا ده‌ڵێت."
عه‌له‌وی ده‌شڵێت: "ئه‌و ده‌زانێت من له‌ساڵی 1979ه‌وه حزبی به‌عسم جێهێشتووە و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كم پێیانه‌وه نه‌ماوه، له نامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه من له‌گه‌ڵ كه‌س نییم، نه له‌گه‌ڵ ئێران نه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا یان هه‌ر لایه‌نێكی دیكه، ئه‌و بە من ده‌ڵێت تۆ کەسێکی رۆشنبیریت و دەسەڵاتی واژوو کردنی پێداوم له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه كه كێشه‌یان له‌گه‌ڵ به‌عس هه‌یه وەک سعوودیه، ئێران، توركیا، ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه وتوێژ بكه‌م."
به‌وته‌ی عه‌له‌وی" به‌رامبه‌ر به ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وان ئاماده‌ن چه‌ك دابنێین و خوێن رشتن كۆتایی پێ بێت و ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه ده‌سه‌ڵات ته‌نانه‌ت وه‌زیرێكیشیان هه‌بێت. ده‌ڵێت چاوه‌ڕوانیین تۆ ئه‌و كاره بكه‌یت، چونكه تۆ له نه‌وه‌ی دروستكردنی حزبی به‌عسی و له تۆ راده‌بینین. عزه‌ت دووری ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان یه‌ك گرووپ بن له‌و بیست گرووپه‌ی شه‌ڕ ده‌كات ئه‌وا ئه‌وان چه‌ك داده‌نێن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وانه‌ی مووچه‌یان بڕاوه و ئه‌وانه‌شی گیراون به‌و ناوه‌وه ئازاد بكرێن، ئه‌و بابەتانەی كه په‌یوه‌ندیی به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵكه‌وه ده‌كات".
له پرسیارێكی دیكه‌ی ئه‌نادۆڵدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به‌مدواییانه زۆر قسه و باس له‌سه‌ر مالیكی ده‌كرێت، و گوایه عه‌له‌وی پێشبینی گه‌ڕانه‌وه‌ی نوری مالكی بۆ ده‌سه‌ڵات له عێراق كردووه؟ ئحه‌سه‌ن عه‌له‌وی وتویه‌تی: به‌ڵێ ئه‌گه‌رێكی زۆری هه‌یه، ئه‌گه‌ر ترەمپ ده‌ستوه‌رنه‌دات و به‌ریه‌كه‌وتنی ئێرانی - ئه‌مریكی نه‌بێت، شتێكی دیكه‌ش هه‌یه ئه‌و شیعانه‌ی له‌سه‌ر ئێران حسابن چه‌كدارن، ئه‌و شیعانه‌شی كه له‌سه‌ر ئێران حساب نیین سه‌ر به مه‌رجه‌عییه‌تن و چه‌كدار نیین، مه‌رجه‌عییه‌تی باڵای شیعه‌كان كاتێك فه‌توای ده‌ركرد له دژی داعش ئه‌وه‌ی چه‌كی به حه‌شدی شه‌عبی دا و پڕچه‌كی كرد، هه‌ر ئه‌و راوێژ و ئه‌فسه‌ری پێدان، ئێران بوو، بۆیه مه‌رجه‌عییه‌ت كه‌وته كێشه‌وه، ئێستا حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ ئێرانن، ئێران ئاراسته‌ی ده‌كات، مه‌رجه‌عییه‌ت دژی چه‌ك هه‌ڵگرتنه، به‌ڵام ئیتر تێ كه‌وت".
به‌وته‌ی عه‌له‌وی: "خاڵی به‌هێزی مالكی لاوازیی حكومه‌ته، لاوازی ده‌وڵه‌ت و پێكهاته‌كان و حزبه‌كانی دیكه، ئێستا مالكی له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبییه و ئه‌میش خاكی به‌ده‌سته‌وه‌یه و بۆ خاک بگرن و بیده‌ن به ئه‌وانی دیكه؟
ئه‌نادۆڵ پرساری ئه‌وه‌ی كردووه و وتویه‌تی: به‌ڵام خۆ ده‌گوترێت ئێران ئه‌گه‌ر پاڵپشتیی كه‌سێك نه‌كات ناتوانێت ببێته سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مالكی ده‌ڵێن له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه كه‌سێكی رەتکراوەیە، بۆچوونت له‌مباره‌یه‌وه چییە؟
له‌وه‌ڵامدا حه‌سه‌ن عه‌له‌وی ده‌ڵێت: "سه‌رۆكوه‌زیر و وه‌زیر و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌وانه‌شی كه سوننه‌ن و له ده‌سه‌ڵاتدان ده‌بێت له ئێرانه‌وه په‌سه‌ند بكرێن، بۆیه ئێران ئێستا پاڵپشتیی حه‌یده‌ر عه‌بادی ناكات، چونكه عه‌بادی وا هه‌ڵسوكه‌وتی كرد وه‌كو بڵێ بمكه‌ن به سه‌رۆكوه‌زیر چی ده‌كه‌ن بیكه‌ن، عه‌بادی نایه‌وێت ده‌ست له‌كاره‌كانی وه‌زیر و به‌رپرسه سوننه‌كان وه‌ربدات، به‌ڵام مالیكی ئه‌مه ناكات، مالیكی ده‌یه‌وێت سوننه‌كان له‌ژیر فه‌رمانی كه‌سێكی شیعه كاربكه‌ن له هه‌مان وه‌زاره‌ت، ئێرانیش ئاره‌زووی ئه‌مه ده‌كات. هه‌روه‌ها عه‌بادی كه‌مێك لیبڕاڵییه‌تی تێدایه و دكتۆره و كوڕی دكتۆره و له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه پشتیوانی ده‌كرێت، بۆیه ئێران ئێستا له‌كێشه‌دایه".
PM:06:34:23/02/2017
ئه‌م بابه‌ته 5795
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت