"پارتی پڕۆژەیەکی نوێی بۆ کەرکوک هەیە"


وێستگه‌ نیوزـ

بۆ دەربازبوون لەو کێشانەی لە کەرکوکدا ھەن، پارتی دیموکراتی کوردستان بیرۆکەی پڕۆژەیەکی خستووەتە بەردەم لایەنە کوردییەکانی کەرکوک؛ بەرپرسی لقی 3ی پارتیش دەڵێت: " دەمانەوێ لەڕێی پڕۆژەیەکەوە مافی خەڵکی کەرکوک بگەڕێنینەوە."

د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە کەرکوک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەیەکی بۆ پارێزگای کەرکوک ھەیە تا كه‌ركوك له‌و حاڵه‌ته‌ ده‌ربچێت كه‌ پیێی دراوه‌،  ئێستا ئێمە دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کەرکوک دەکەین، بۆ ئەوەی لەڕێی یاسایییەوە کەرکوک دەرباز بکەین لەو حاڵەتەی کە تێیدایە و دەمانەوێ لەڕێی پڕۆژەکەمانەوە، مافی ھاوڵاتیی پارێزگای کەرکوک، ئەوانەی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە پێشێل دەکرێن، بگەڕێنینەوە."

وتیشی: "چونکە خەڵکی کەرکوک بێئومێد بووە لەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیارێک بدات، کە لە قازانجی کەرکووک بێت، بیرۆکەکە بەو شێوەیە دەبێت، کە بتوانێت پارێزگای کەرکووک لەو مەرکەزیەتەی بەغدا ڕزگار بکات.''

بەرپرسی لقی 3 پارتی لە کەرکوک راشیگه‌یاندووه‌: ''پڕۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا لەبارەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانەوە نییە، بەڵکو ھەموو روویەک دەگرێتەوە، سیستەمی لامەرکەزیی پارێزگاکان لە کەرکوک جێبەجێ ناکرێت و سیستەمێکی مەرکەزیی یەکجار توند بەسەرییەوەتی و دەمانەوێ لەو رووەوە ڕزگاری بکەین.''

د.محەمەد خورشید ۆتیشی: ''پارتی ھەمیشە لەگەل ئەوەدایە ھەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک بەڕێوەبچێت و ھەڵبژاردن بە مافی ڕەوای خەڵکی کەرکوک دەزانین و نابێت ئەو مافەیان لێ زەوت بکرێت. کێشەکە لەوەدایە پەرلەمانی عیراق ناھێڵێ ئەو مافەی کەرکوکییەکان جێبەجێ بکرێت. ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین ھەندێ ماددەی دەستووری بخەینە سەرپێ بۆ دەربازبوونی کەرکوک لەو کێشانەی ھەیەتی، ئەمیش بە ھاوکارییی ھەرێمی کوردستان یان ئەگەر پێویستیشی کرد بە ھاوکارییی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ده‌بێت.''


PM:09:28:23/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1201 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو