شیفا گەردی شەهید بوو


وێستگە نیوز

ئەمڕۆ شەممە 25/02/2017، بەداخەوە لەکاتی رووماڵی رووداوەکانی شاری موسڵ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، شیفا گەردی، رۆژنامەنووسی لێهاتووی رووداو شەهید بوو، وێنەگرەکەشی یونس مستەفا بریندار بوو.

شیفا گەردی لەو ناوچەیە شەهید بووە، کە چەند رۆژێکە لە بەری راستی موسڵدا کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و لەوێدا بۆمبێکی چیندراوی بەجێماوی داعش پێیدا تەقیەوەتەوە.

شیفا گەردی، یەکێک بوو لە کادیرە هەرە چالاک و کاراکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە، ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو و میدیای کوردی بووە، جگە لەوە بەڕێوەبەڕێکی کارا و کاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو.

لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵدا، بەرنامەی تایبەتی بەو شەڕە بە ناوی فۆکس موسڵ هەبوو، بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و، راپۆرتی دەکرد.

تۆڕی‌ میدیای‌ ڕووداو ڕایگه‌یاند كه‌ شەهیدبوونی شیفا گەردی کۆستێکی گەورەیە بەر تۆڕی میدیایی رووداو و رۆژنامەنووسانی کوردستان کەوت و زیانەکەی پڕناکرێتەوە.

به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كیان بەناوی تۆڕی میدیایی رووداو پرسە و سەرەخۆش لە خۆیانیان له‌ تەواوی کارمەندانی رووداو و کەسوکاری شیفا گەردی و تەواوی رۆژنامەوانانی کوردستان كردووه‌و  " هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ یونس مستەفا" خواستووه‌.

ژیاننامەی شیفا گەردی:

شیفا زکری ئیبراهیم، ناسراو بە شیفا گەردی

 لە 1-7-1986 لە ئاوارەیی لە ئێران لەدایکبووە.

لە ساڵی 2006 پەیمانگای تەکنیکی  بەشی کۆمپیوتەری تەواوکردووە.

لە ساڵی 2013 بەشی راگەیاندنی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردووە.

- لە ساڵی 2007 تاوەکو ساڵی 2010 لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسی کاری مامۆستایەتی کردووە.

- لە ساڵی 2006 دەستی بە کاری راگەیاندن کردووە.

- لە سەرەتای دامەزاردنی تۆڕی میدیایی رووداو، وەک ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو دەرکەوتووە.

- بەڕێوەبەری بەشی ئاوتپووتی رووداو بوو.

- لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەرنامەی فۆکەس موسڵی پێشکەش دەکرد.

- بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و راپۆرتی دەکرد.


PM:04:30:25/02/2017










ئه‌م بابه‌ته 31457 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو