یه‌كه‌م گه‌ڕه‌كی به‌ری راستی موسڵ كۆنتڕۆڵكرا


وێستگه‌ نیوز ـ
شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی عیراق ئاشكرایكرد، هێزه‌ عیراقییه‌كان گه‌ڕه‌كی مه‌ئمونیان له‌ به‌ری راستی موسڵ كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م گه‌ڕه‌كه‌ له‌ به‌ری راستی شاره‌كه‌ له‌ ده‌ستی داعش ده‌رده‌هێندرێته‌وه‌.


شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند: هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر ته‌واوی گه‌ڕه‌كی مه‌ئمونیان له‌به‌ری راستی موسڵ ئازادكردووه‌ته‌وه‌و ئاڵای عیراقیان له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی هه‌ڵكردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، گه‌ڕه‌كی مه‌ئمون یه‌كه‌م گه‌ڕه‌كی لای راستی موسڵه‌ كه‌ ئازاد ده‌كرێت.

پێشتریش هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ و سه‌ربازگه‌ی غزلانیان له‌ به‌ری راستی موسڵ به‌ته‌واوی كۆنترۆڵ كردبوه‌وه‌.

هاوكات غه‌یاس سورچی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی مه‌ڵبه‌ندی موسڵی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاندبوو، هێزه‌كانی عیراق چوونه‌ته‌ ناو هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی ته‌یه‌ران و جۆسه‌قه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا كۆنتڕۆڵ نه‌كراون.


PM:02:46:26/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1182 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت