دکتۆر یوسف گۆران: ھەشت ھەزار مامۆستا لە زانکۆ حکومییەکاندا هه‌ن


وێستگه‌ نیوزـ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رەتیکردەوە ھیچ مامۆستایەکی زانکۆکانی کوردستان وازیان لە زانکۆکانیان ھێنابێت و چووبنە زانکۆ ئەھلییەکان، وتیشی: "95%ی ئەو مامۆستایانە وەک وانەبێژ لە زانکۆ ئەھلییەکان دەوام دەکەن".

دکتۆر یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سه‌ردانی زانکۆی ھەڵەبجە ی كرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە کێشە و کەموکوڕییەکانی زانکۆکە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی بکۆڵێتەوە و چارەسەری پێویستیان بۆدابنرێت.
له‌ گۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەنوسی و له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ چوونی مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان بۆ زانکۆ ئەھلییەکان وتی: "ئێستا لە زانکۆ حکومییەکاندا ھەشت ھەزار مامۆستامان ھەیە، لە کاتێکدا لە زانکۆ ئەھلییەکاندا دوو ھەزار مامۆستا هه‌ن، لەگەڵ ئەوەش ژمارەی زانکۆ حکومی و ئەھلییەکانمان وەک یەکە، بۆیە ژمارەی مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکان چوار ھێندەی ژمارەی مامۆستایانی زانکۆ ئەھلییەکانە."

وتیشی: " گەورەترین وزە و توانامان لە زانکۆ حکومییەکاندایە، بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ ئەھلییەکان بەردەوامیی پێبدەین، پێویستە مامۆستایانمان پشتگیریی زانکۆ ئەھلییەکان بکەن و ئەوەش ھاوکارییەکی گەورەیە بۆ ئەو زانکۆیانە".

دکتۆر یوسف گۆران وتیشی: "زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی چوونەتە زانکۆ ئەھلییەکان بەشێوەی وانەبێژ دەوام دەکەن، لەم دۆخە داراییە خراپەشدا کە مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکانی تێکەوتووە و حکومەت ناتوانێت شایستە داراییەکانیان پێبدات، ئێمە رێنماییمان دەرکردووە، تا ھەلیان بۆ بڕەخسێنین بتوانن لە شوێنی تردا کار بکەن تا کەمێک لەو بارە قورسەی بەھۆی پاشەکەوتی موچەوە لەسەر مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکانە کەمکەینەوە."

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكراشیكرد: "زۆرینەی مامۆستایانی ئێمە، واته‌ 95%یان بەشێوەی وانەبێژ چوونەتە زانکۆ ئەھلییەکانەوە، ئەوەی تر کە رۆشتوون بەشێوەی ئیعارە چوون کە لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵادا ھەیە کە وەزارەت دەتوانێت سێ ساڵ بەلانی کەمەوە بوار بداتە ئەو مامۆستایانەی کە دەیانەوێت بچنە زانکۆ حکومییەکانەوە، بەجۆرێک موچە و ئیمتیازاتی مامۆستاکە دەچێتە سەر زانکۆ ئەھلییەکە، بەڵام خزمەتەکەی لە زانکۆ حکومییەکەدا بۆھەژمار دەکرێت، ئەم بابەتە لە یاسای عیراقیشدا ھاتووە و کاری پێدەکرێت و لە سوودی مامۆستایانیشدایە".


PM:10:05:26/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 3042 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت