مسته‌فا چاوڕه‌ش: بە تەنها نەخشەڕێگاكەی یەكێتی كۆتایی بە هەموو كێشەكان نایەت


وێستگه‌ نیوز ـ
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی لەسەر پڕۆژەی نەخشە رێگای حزبەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی هەرێم داوە، ئاماژە بەوەش دەكات کە ئەو پڕۆژەیە دەخرێتە بەردەم لایەنەكانی تر و گفتوگۆی لەسەر دەكەن.


هەرچەندە تائێستا نەخشەڕێگاكە بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن یەكێتی بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن وێنەیەكی پڕۆژەكە بڵاوكراوەتەوە و خۆی لە هەشت تەوەردا دەبینێتەوە و خاڵەكانی چارەسەری دیاری كردووە كە بریتین لە "پەیوەندی نێوان یەكێتی و لایەنە سیاسییەكان، دۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەكە و ھەرێمی كوردستان، گۆڕانكاری پۆستەكانی سەرۆكایەتی، كێشەی ئابووری، كێشەی نەوت و غاز و شەفافیەتی تێكڕایی، قەیرانی دارایی و پاشەكەوتی مووچە، بوودجە و پاكسازی و چاكسازی، ریفراندۆم و سەربەخۆیی".

مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ رایگه‌یاند: "ئەو پڕۆژەیە لە دوو كۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی لەسەردرا و خاڵەكانی ناو نەخشەڕێگاكە لە قازانجی خەڵكی ھەرێمی كوردستان و یەكێتیە.

وتیشی: "لە هەموو ئەو كۆبوونەوانەدا گفتوگۆیەكی دوور و درێژ و وردی لەسەر كرا لەلایەن ئەندامانی سەركردایەتییەوە و تەواو كرا و دەنگی لەسەر درا، پڕۆژەكە دوو لایەنی باشی هەیە كە ئەویش یەكەم وەك یەكێتی هەموومان لەوێ‌ كۆبووبووینەوە، لایەنێكی تریش پڕۆژەكە بۆ قازانجی هەموو خەڵكی ھەرێمی كوردستان و یەكڕیزی كۆمەڵانی خەڵكە".

مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌وه‌ش وت: "كارێكمان كردووە كە ببێتە نەخشەڕێگایەك و هەموو لایەنەكان كۆببێتەوە و بتوانین قسەی لەسەر بكەین، بەو هیوایەی کە ببێتە هۆی یەكڕیزی خەڵكی ھەرێمی كوردستان و هەموو لایەنەكان، لەسەر و هەمووشیەوە ناوماڵی یەكێتی".

بە وتەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێكی تر كۆبوونەوەیەكی تری یەكێتی لەسەر نەخشە رێگاكە ئەنجام بدرێت و دواین قسەی لەسەر بكرێت پێش خستنەڕووی بۆ لایەنەكان و رای گشتی.

لە بارەی ئەوەی پڕۆژەی نەخشەڕێگاكەی یەكێتی تا چەند قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات، چاوڕەش لە وەڵامدا وتی: "پێم وانییە ئەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا كە هەیە تەنها بەپڕۆژەكەی ئێمە كۆتایی بەهەموو شتێك بهێنێت".

وتیشی: "ئەوە هەنگاوێكی قەناعەتی خۆمانە وەك یەكێتی و ویژدانی خۆمان لە بێژنگ داوە تا بتوانین شتێك بكەین كە ئەم دۆخە چەقبەستووە لانیكەم بخەینەوە سەر سكەی خۆی، ئەگەرنا رەنگە بەپێنج كۆبوونەوە و دە كۆبوونەوەی تریش لەگەڵ لایەنەكانی تردا هەموو شتێك تەواو نەبێت، چونكە كێشەكان ئەوەندە زۆر و ئاڵۆزن بەوەی ئێمە تەواو نابێت و هەوڵ دەدەین بەو نەخشەڕێگایە بگەینە ئەنجامێكی باش لەگەڵ لایەنەكان و كەسیش بەدەر نەنێین".

بەرپرسەكەی یەكێتی جەختی له‌ پێویستی گەیشتنی لایەنەكان بە رێككەوتن و چارەسەری دۆخی ئێستای هەرێم  كرده‌وه‌ و وتی: "ئێمە و پارتی دوو كۆڵەكەی سەرەكی ئەم وڵاتەین، هەردوولا دوو هێزی چەكدارمان هەیە و ئێستا لە بەرەكانی جەنگدان و هەموویان كوڕی هەژارن و گیانی خۆیان دەكەنە قوربانی لە پێناو كورد، بۆیە پێویستە ئەم قیادەیەش لە ئاست ئەو پێویستییەدا بێت، وا تێنەگەین كە ئەوەمان بۆ دەچێتەسەر هەموولایەكمان، میللەت لێمان قبووڵ ناكات و تووشی شەڕێكی ماڵوێرانكەر هاتووین كە وڵات دەسووتێنێت".

مستەفا چاوڕەش رایگەیاند "دوای ئەوەی پڕۆژەكە لە ناوخۆی یەكێتی قسەی لەسەركراو هەموومان گفتوگۆمان لەسەر كرد و هەموومان كۆك بووین لەسەری، لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان لە پارتی و گۆڕان و لایەنەكانی تر دادەنیشین، ئومێدی ئەوە دەكەین پێكەوە لەگەڵ لایەنەكان بەزیادكردن یان كەمكردنەوە بتوانین دەرمانی ئەو دۆخە بكەین و كێشەكان چارەسەر بكەین".

نەخشەڕێگاکەی یەكێتی پێشنیازدەكات، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تا هەڵبژاردنی نوێ بدرێتە دەستەیەكی سەرۆكایەتی پێكهاتوو لە "رابەرە سەرەكییەكانی" پێنج حزبەكە پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ و بڕیارەكانیشی لەو ماوەیەدا بەشێوەی زۆرینە بدرێن، ئەوە لە كاتێكدایە بەپێی رێكکەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی پۆستەكانی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێوان هەردوولا دابەش كراون و پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتییە.

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی لەو بارەیەوە دەڵێت: "پێشتر بەپێی رێكکەوتنی نێوان هەردوولا پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ یەكێتی و پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارتی دیاری كراوە، ئومێد دەكەین بتوانین بۆ هەموو ئەو خاڵانەی ئێستای كێشە و قسەی لەسەرە بگەینە چارەسەرێكی باش و بەڕێكکەوتنی نێوان لایەنەكان دڵی هاووڵاتییانیش خۆش بكەین".

ئه‌وه‌ش وتوت: "وەك سەركردایەتی كورد لەسەر هەموومان پێویستە كە پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین بزانین بەرنامەمان چییە و دۆخەكە دوای داعش بەرەو كوێ‌ دەچێت، تا ئێستاش لەگەڵ عیراق كێشەكانمان تەواو نەبووە و كێشەی زۆرمان هەیە كە تا ئێستا مووچەمان بۆ رەوانە ناكات و چەك و پێداویستییەكانمان ناداتێ‌، ئێمە بووین وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕواڵی عیراقمان هەڵكێشایەوە، خەریك بوو بەغدا بگیرێت و لەناو بەغدا پاسەوانیان دەگرت لە ترسی هاتنی داعش".

مستەفا چاوڕەش كە هاوكات بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە ئەوەشی وت: "ئێمە هەموو سەنگەرەكانمان قۆناغ بەقۆناغ لە ژێر دەستی داعش پاك كردەوە و كورد لەو پێناوەدا قوربانییەكی زۆری داوە كە تا ئێستا گەیشتووەتە هەزار و 600 شەهید كە هی تریشی بەدوادا دێت، بۆیە پێویستە بەرنامەمان هەبێت بۆ دوای داعش و ئەو هێزانەی تر لە حەشدی شەعبی كە دروست بووە لە عیراقدا كە نازانین چارەنووسمان چی دەبێت لەگەڵیان، تەمەننای ئەوە دەكەین تووشی هیچ كێشەیەك نەبین، بەڵام ئەگەر سەركردایەتی كورد خۆی ئامادە نەكات ئەوكات خەڵكیش لێمان قبووڵ ناكات" .

ئەو جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە "پێویستە كورد بەیەكگرتوویی خۆی بۆ هەموو ئاڵوگۆڕەكانی دوای داعش ئامادە بكات، چونكە شۆڕشی هەموو میللەتان و گەلانی دنیا ئەگەر یەكگرتوو نەبن لەناو خۆیاندا هیچ بەهیچ ناكەن".





AM:11:42:27/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1822 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو