حدکا داوا لە چەکدارە کوردەکانی‌ سەربە ئێران دەکات چەکەکانیان دابنێن و بێنە بەرەی‌ گەل


وێستگه‌ نیوز ـ
كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران(حدکا) لە پەیامێكدا داوای لە چەكدارانی "بەكرێگیراوی ڕێژیم" لە كوردستان كرد واز لە خیانەت بە گەل و نیشتمانەكەیان بهێنن و سەنگەرەكانیان لە بەرەی داگیركەرەوە بگوازنەوە بۆ بەرەی گەل.


حدکا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموكراتیكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ كە لە ئەدەبیاتی سیاسی و لای بیروڕای گشتیی ناوخۆ و دەرەوە بە "ڕاسانی ڕۆژهەڵات" ناوبانگی دەركردووە.

هەروەها دەڵیت، لەم قۆناغە نوێیەی خەباتدا، كە هەڵگری پەیامی"گرێدانی خەباتی شار و شاخ"ە، یەكڕیزی، هاوخەباتی و یەكگرتوویی ڕیزەكانی گەل بە هەموو چین و توێژەكانەوە، پێویستییەكی مێژوویی و یەكلاكەرەوەیە.

هەروەها دەشڵێت، مێژووی خەبات و تێكۆشانی چەند دەیەی ڕابردووی نەتەوەكەمان و سروشت و ماهییەتی کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانی‌ دەرخست كە بۆ بەرپەرچدانەوە، سەركوت و شكست پێهێنانی بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموكراتێكی گەلی‌ کورد،هەموو هێز و توانای خۆیان بە كار هێناوە.

لە پەیامەکەدا ئەوەشی‌ وتووە "دوژمن بە ڕێگای ڕەشەكوژی، ئێعدام، زیندان، تێرۆر، سیاسەتی تۆقاندن و چاوترسێن كردن، تەماح وەبەرنان و بە دەیان و سەدان فێڵ و پیلانی دیكە هەوڵی داوە بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستان تووشی شكست و داڕمان بكات. مخابن، لەم نێوانەدا دیاردەیەك كە دوژمن چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستاشدا پەنای بۆ بردووە، سیاسەت و دیاردەی چەكداركردنی تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستان بووە".

هەروەها دەشڵێت، مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان ئەو راستیەمان وە بیر دێنێتەوە كە دیاردەی چەكداركردنی تاكەكانی كورد لە لایەن دوژمنانەوە، یان چوونەپاڵ ئەم سیاسەتە بە هەر مەبەستێك بووبێت، "زەبر و زیانێكی قورسی لە پەیكەری بزووتنەوەكەمان داوە و دواجار ڕیزەكانی گەلی كوردی بەرەو پەرتەوازەیی و دوو دەستەیی بردووە".

حدکا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەوانەی‌ چەک لە دژی‌ ڕۆڵەکانی‌ کورد هەڵدەگرن خیانەت دەکەن و دژی‌ یەکریزی‌ گەلی‌ کوردن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێڕان، ئەوەشی‌ وتووە، بە هەستكردن بە بەرپرسایەتیی مێژوویی خۆیان چەكدارانی كوردی سەر بە دەسەڵات ئاگادار دەكەنەوە لە گرنگی و هەستیاری ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات تێبگەن و "چەكەكانیان دابنێن و چیدی خزمەت بە دوژمن نەكەن و ئەگەر ناتوانن هاوكاریی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات بكەن، بە لانی كەمەوە دژایەتیی هێزی پێشـمەرگە و خەباتی ڕەوای ڕۆلەكانی گەل نەكەن".


PM:02:19:27/02/2017


ئه‌م بابه‌ته 1230 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو