زانیاری‌ ورد لەسەر هۆكاری‌ ناردنی‌ هێز بۆ سەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور لەكەركوک

‌ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وته‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌چێت بۆ توركیا- رویته‌رز


وێستگه‌ نیوز- دڵشاد ئەنوەر- ده‌نگی‌ ئه‌مه‌ریكا

ناردنی‌ هێز بۆ سەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور لەلایەن مەڵبەندی‌ دووی‌ كەركوكی‌ یەكێتی‌ و كۆنترۆڵكردنی‌ ، هەتا دێت كاردانەوەی‌ زیاتری‌ لێدەكەوێتەوە، بەتایبەت یەكێتی‌ بەكارهێنانی‌ هێز دەبەستێتەوە بە رێكەوتنێكی‌ نێوان هەولێر و بەغدا بێ‌ وەرگرتنی‌ رەزامەندی‌ ئەوان. ڕۆژی‌ پێنجشەممە هێزێكی‌ سەر بە مەڵبەندی‌ دووی‌ كەركوكی‌ یەكێتی‌ بەشێوەیەكی‌ کوتوپڕ ڕەوانەی كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور كرا كە كۆمپانیاكە سەربە حكومەتی‌ عێراقیە ، بەرپرسانی‌ ئەو حیزبەش هۆكارەكەیان بۆ فشارخستنە سەر بەغدا و قەبوڵ نەكردنی‌ زوڵم لەكەركوك گێرایەوە.

یوسف تەیب جێگری‌ بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ كەركوكی‌ یەكێتی‌، ناردنی‌ هێز بە هەوڵی‌ حیزبەكەی‌ بۆ قەبوڵ نەكردنی‌ "غەدر" لەكەركوك وەسف دەكات ، دەڵێت " لەنێوان پارێزگاری‌ كەركوك و نوێنەری‌ حكومەتی‌ عێراق رێکكەوتن كراوە بۆ دامەزراندنی‌ پاڵاوگە لەكەركوك ، كەچی‌ رێكکەوتنەکە جێبەجێ‌ نەكراوە."

ناوبراو گوتیشی"ڕۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی‌ كەركوك دەبرێتە كەڵەكی‌ نزیك هەولێر بۆ پاڵاوتن و دەدرێتە موسڵ ، بۆیە قەبوڵی‌ ناكەین."

لەبەرامبەردا كامەران كەركوكی‌ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك ( پارتی‌ )، دەڵێت"ئەو نەوتەی‌ لە كەڵەك دەپاڵێورێت داهاتەكەی‌ لەلایەن حكومەتی‌ عێراقیەوە بۆ شارەكان خەرج دەكرێت."

هەرچەندە ئاسۆ ئەڵمانی‌ بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ كەركوكی‌ یەكێتی‌ ناردنی‌ هێزی‌ بۆ سەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور بەكارتێكی‌ فشار بۆ سەر بەغدا لەقەڵەمدا، بەڵام بەپێی‌ زانیاریەكانی‌ دەنگی‌ ئەمەریكا بەشی‌ زۆری‌ كێشەكە پەیوەندی‌ بەتێروانینی‌ جیای‌ پارتی‌ و یەكێتیەوە هەیە بۆ ئیدارەدانی‌ نەوتی‌ كەركوك ، بەتایبەت پێشتر ئاسۆ ئەڵمانی‌ لەسەر ئەو مەسەلە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ حكومەتدا گفتوگۆی‌ كردبوو.

شوان داودی‌ ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراق لەفراكسیۆنی‌ یەكێتی‌، هۆكاری‌ ناردنی‌ هێز لەلایەن حیزبەكەیەوە بۆ سەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور بۆ رێكەوتنی‌ نێوان بەغداو پارتی‌ دەگێرێتەوە، كە ئەو پێیوایە رێكەوتنەكە زیان بەخەڵكی‌ كەركوك دەگەیەنێت.

شوان داودی‌، بەدەنگی‌ ئەمەریكای‌ راگەیاند"پارتی‌ بیرە نەوتیەكانی‌ رۆژئاوای‌ خستوەتە ژێر كۆنترۆڵی‌ خۆیەوە ، تەنها 3 كێڵگەی‌ نەوتی‌ لەژێر كۆنترۆڵی‌ نەوتی‌ باكور ماوە، هەرێم دەیەوێت بە هەر شێوەیەك بێت ئەوەش ببات."

داودی‌، ڕوونیكردەوە ئەوان ترسیان لەوە هەیە هەرێم هەموو نەوتی‌ كەركوك ببات و بەغدا موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ پارێزگاكە ببرێت ، گوتیشی"رێكەوتن لەنێوان پارتی‌ و بەغدا هەیە ڕۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بدرێت بە كۆمپانیای‌ كاری‌ پارتی‌ كە ئەمە غەدرە لەكەركوك."

بیرە نەوتیەكانی‌ رۆژئاوای‌ كەركوك سەرجەمیان لەژێر كۆنترۆڵی‌ هێزەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندان و ڕۆژانە لە نەوتی‌ ئەو كێڵگانە نزیكەی‌ 250 هەزار بەرمیلیان لەلایەن هەرێمەوە لێ‌ هەناردە دەكرێت.

هەروەها هێزەكانی‌ یەكێتی‌ بەسەر باشوری‌ كەركوكدا باڵادەستن ، كە كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكوری‌ تێدایە و ڕۆژانە لە كێڵگە نەوتیەكانی‌ 160 بەرمیل نەوتی‌ لێ‌ بەرهەم دەهێنرێت ، لەو ژمارەیە نزیكەی‌ 30 هەزار بەرمیلی‌ بە تانكەر بۆ بەغدا دەبرێت.

بەرپرسانی‌ یەكێتی‌ هۆكاری‌ ناردنی‌ هێز بۆ سەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور بۆ ئەوە دەگێرنەوە.

هەرێم لەرێگەی‌ رێكەوتنەوە لەگەڵ بەغدا ، دەیەوێت رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە كۆمپانیای‌ كار كە كۆمپانیەكی‌ نزیك لەپارتی‌ یە، تا لە ناوچەی‌ كەڵەكی‌ نزیك هەولێر بیپالێوێت ، بەوتەی‌ ئەوان ئەمەش رێگرە لەبەردەم دانانی‌ پاڵاوگەدا لەكەركوك.

بەڵام كەمال كەركوكی‌ ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌ و فەرماندەی‌ میحوەری‌ ڕۆژئاوای‌ كەركوكی‌ پێشمەرگە، ڕەخنەی‌ توند لەناردنی‌ هێز بۆ سەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور دەگرێت و پێیوایە دەرئەنجامەكەی‌ بە زیان بۆ سەر داهاتی‌ نەوتی‌ كوردستان دەشكێتەوە.

كەمال كەركوكی‌ ، بەدەنگی‌ ئەمەریكای‌ ڕاگەیاند"بەشێك لەو نەوتەی‌ بەهێز ڕاگیرا ، داهاتەكەی‌ بۆ خەرجی‌ ناوخوی‌ هەرێم و پارەی‌ پترۆ دۆلاری‌ كەركوك بەكاردەهێنرێت ، بەشەكەی‌ تریشی‌ لەرێگەی‌ توركیاوە دەفرۆشرێت و داهاتەكەی‌ دێتە هەرێم."

بەرپرسەكەی‌ پارتی‌، رەخنەی‌ لەیەكێتی‌ گرت بەوەی‌ گەر هێزی‌ بەمەبەستی‌ فشار خستنە سەر بەغدا ناردبێتە سەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور دەیتوانی‌ بەجۆرێكی‌ تر فشار بكات، ئەویش لەرێگەی‌ رێگرتن لە رۆیشتنی‌ تانكەری‌ نەوت لەكەركوكەوە بۆ بەغدا ، گوتیشی"نەك گشت پرۆسەی‌ هەناردەكردنی‌ نەوت ڕابگرن."

هاوكات سەفین دزەیی‌ وتەبێژی‌ حكومەتیش ، ناردنی‌ هێزی‌ لەلایەن یەكێتیەوە بۆسەر كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور بە ڕەفتارێكی‌ "نامەسئولانە و لۆكاڵی‌ و ئیستیفزازی‌" وەسفكرد.

هەرچی‌ پەیوەندی‌ بە حكومەتی‌ عێراقیشەوە هەیە كە یەكێتی‌ هۆكاری‌ بەشێكی‌ كێشەكەی‌ دەداتە پاڵ ، لە زاری‌ سەعد حەدیسی‌ وتەبێژی‌ نوسینگەی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق، رایگەیاند" لێكۆڵینەوە لەهۆكارەكانی‌ ناردنی‌ هێز بۆسەر كۆمپانیاكە دەكەن"

بۆ زانینی‌ هەڵوێستی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەبارەی‌ ڕووداوەكەوە ، بەتایبەت كە بەشێك لەپەرلەمانتارانی‌ شیعی‌ داوای‌ ناردنی هێزیان بۆ كەركوك كردبوو، دەنگی‌ ئەمەریكا پەیوەندی‌ بەعەلی‌ حسێنی‌ وتەبێژی‌ حەشدی‌ شەعبیەوە كرد بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر ئەو مەسەلە بدات.

دەقی ڕاپۆرتەکەی  دڵشاد ئەنوەر


PM:08:04:03/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 4458 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت