شێخ جەعفەر: ناونوسکردنی کورد بۆ حەشدی شەعبی لە خیانەت گەورەترە


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێكهێنانی هه‌ر هێزێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ت ره‌تده‌كاته‌وه‌ و فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش پێی وایه‌ كه‌ ناونوسکردنی کورد بۆ حەشدی شەعبی لە خیانەت گەورەترە، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئه‌و جۆره‌ ناونوسكردنه‌ به‌ مۆدێڵێكی نوێی جاشایه‌تی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.

حەشدی شەعبی دەیەوێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ته‌نانه‌ت هەندێک شاری هەرێمی کوردستانیشدا بە یارمەتیی هەندێک لایەنی سیاسیی کورد، گەنجانی کورد بۆ نێو ڕیزەکانی خۆی ناونوس بکات، بۆ ئەو مەبەستەش چاودێرانی سیاسی و بەرپرسانی حزبی هۆشداری دەدەن به‌وه‌ی ئەمە مۆدێڵێکی دیکەی جاشایەتییە و بەغدا دەیەوێت لە هەرێمی کوردستاندا تاقی بکاتەوە. 

عەمید ھەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزی پێشمەرگە تاکە مەرجەعی سەربازییە لە ھەرێمی کوردستان و، بە شێوەیەکی یاسایی و لەلایەن پەرلەمانەوە بووەتە یاسا، ئەمەش پاڵپشتییە بۆ ھێزی پێشمەرگە، بۆیە دروستکردنی ھەرھێزێکی دیکە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، کارێکی نایاسایییە و پێویستە حکومەتی ھەرێم لەبارەیەوە ھەڵوێستی ھەبێت.''

عەمید ھەڵگورد وتیشی: ''وەک وەزارەتی پێشمەرگە، بە ھەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە و، پێمان وایە ئەمە یەکێکە لەو ھەوڵانەی بۆ دروستکردنی کێشە و گرفت بۆ ھەرێمی کوردستان لە ئێستا و داهاتوودا دەدرێت، بۆیە پێویستە ڕێگرییان لێ بکرێت و ڕێ بەدروستکردنیان نەدرێت.''

هاوكات شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە به‌ سایته‌كه‌ی ڕاگەیاندووه‌: ''ئەم  بێكاری و قەیرانە ئابوورییەی ئەمڕۆ ڕووی لە هەرێم كردووە، بووەتە هەلێك تا حەشدی شەعبی بیقۆزێتەوە و گەنجانی كورد ببەنە نێو ڕیزەكانیانەوە، ئەوانەشی تا ئێستا په‌یوەندییان بە حەشدەوە كردووە، هەستی نەتەوایەتییان لاوازە و دوای پارە كەوتوون، بەڵام پێویستە دوژمنان ئەم ڕاستییە بزانن، بەدرێژاییی مێژوو هەركاتێك هەڕەشەیەك بۆ سەر كوردستان گەورە بووبێتەوە، كورد بەگشتی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و ڕیزەكانی دوژمن چۆڵ كراوە.''

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕوونی كردەوە: ''پەلكێشكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشد پیلانە، چونكە ڕكابەرییەكی سیاسیی زۆر گەورە لە عیراقدا هەیە و چەندین جۆر حەشدی شەعبی هەیە، بەشێكی سەر بە مەرجەعییەت و وەزارەتی به‌رگرییه‌، هەشیانە سەر بە لایەن و گروپی ترن كە هەریەكەی بیر و باوەڕ و پلانێكی هەیە و جێبەجێی دەكات، بەڵام هەموویان لە ئاست كورد و دەستكەوتەكانی كورد كۆدەنگن."

جەختیشی كردەوە: "ئەگەر ئەم ناونوسكردنە بۆ مەسەلەی سیاسی و كاركردن لە دژی كورد بەكاربهێنریت، ئەوا دەكەوێتە خانەی خیانەت و لە خیانەتێش گەورەترە.، خۆ هەركوردێك مسقاڵیك هۆشی هەبێت، بە هیچ بیانوویه‌كك ڕوو لە ڕیزەكانی حەشدی شەعبی ناكات."

هه‌رله‌سه‌ر هه‌مان عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی  ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌: ''ناونوسكردنی گەنجانی كورد بۆ نێو ڕیزەكانی حەشدی شەعبی مۆدێلێكی نوێی جاشایەتییە، بەجاشكردنی كۆمەڵگا بەدەستی ئەو حزبانەی كە بەناو شۆرشگێر بوون و كاتی خۆی دژی ڕژێم لە شاخ بوون، شەرمەزارییە.''

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی ئاشكراشی كرد: ''لای ئێمە هەركەسێك گەنجانی كورد بۆ حەشدی شەعبی ناونوس بكات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت. بە برادەرانی زۆنی سەوز و نیلیش دەڵێین، زۆر شەرمەزارییە کە جاش بۆ دوژمنانی كورد پەیدا بكرێت، بەڵام خۆ خەڵكی بەشەرەفی هەرێم لەوە گەیشتووە، ئەمە پیلانە و دژ بە نەتەوەكەی ئەوانە، بۆیە بەو هەموو پیلان و هێنان و بردنەش بەرەو پیلی جاشایەتی و پارووی چەور نەچوونە.''

به‌وته‌ی عەلی عەونی: ''حەشدی شەعبی مارێكە و زۆر سەری هەیە و مالیكی یەكێكە لە سەرە گەورەكانی، ئەم پیلانەشیان هەر یارییەكانی مالیكییە لە كراسیكی تردا، برادەرانی كوردیش، كە یارمەتیدەری پیلانەكانی مالیكین، بیانووی جوان جوانیان جاڕ داوە بۆ جاشایەتییە مۆدێل نوێیەكەیان، بەڵام دەبێت چاوەڕێی شەقی میللەت بن."


PM:08:26:19/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 33912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو