‌بە ڤیدیۆ و وێنە.. ئاهەنگى نەورۆزى ٢٠١٧ى کوردان لە ژاپۆن ببینە
PM:07:35:20/03/2017

وێستگە نیوز -

کوردانى دانیشتووى ژاپۆن وەک کوردانى تر لە سەرتاسەرى جیهان بە جۆش و خرۆش و لەبەرکردنى جلوبەرگى کوردی و وتنەوەى چەندین سرودى نیشتمانى و شۆڕشگێڕى ئاهەنگى نەورۆزیان بەڕێوەبرد.

ئەمڕۆ ٢٠ى ئازاری ٢٠١٧ پەیجى کوردانى ژاپۆن سێ گرتەى ڤیدیۆىی و چەندین وێنەى بەرێوەچوونى ئاهەنگى کوردانى ژاپۆنى بڵاوکردەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئاهەنگى کوردان لە ژاپۆن لە شارى کاواگوچى لە پارێزگاى سایتاما بەڕێوەچووە، کە دەکەوێتە بەشى باشوور لە ناوەڕاستى وڵاتى ژاپۆندا.

بەپێى ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەى لە ئاهەنگى نەورۆزى کوردان لە ژاپۆن بڵاوکراونەتەوە، جگە لە هاووڵاتیانى کورد ژمارەیەک هاووڵاتیى ژاپۆنیش بەشدارییان لە ئاهەنگى نەورۆزدا کردووە.

کاواگوچى لە ساڵى ١٩٣٣ەوە بووە بە شار و دانیشتوانەکەى زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسە و ڕووبەرەکەشى ٥٥ کلیۆمەتر چوارگۆشەیە.

ماوەى چەند ساڵێکە کوردان لە ژاپۆن بەشێوەیەکى چالاک خۆیان دەرخستووە و ئاهەنگ و بۆنە کوردییەکان بەڕێوەدەبەن.





ئه‌م بابه‌ته 32693 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.