‌نێچیرڤان بارزانی داوایه‌ك ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات
PM:07:40:20/03/2017

وێستگه‌ نیوزـ

له‌ په‌یامێكدا  به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردییه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی  هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و گه‌لی كوردستان كرد و داوایه‌كیشی ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كان كرد كێشه‌و و ناكۆكییه‌كان كۆتایی پێ بێنن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی ئازاری 2017، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆزدا رایگه‌یاند: "له‌ نه‌ورۆزدا، له‌ پیرۆزترین ڕۆژی كوردستاندا، داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م له‌پێناو پاراستنی هه‌موو ده‌ستكه‌وت و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌نگیان بكه‌نه‌ یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ شێوه‌ی لێكتێگه‌یشتن و ئاشتیانه‌، هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كان، فره‌هێزی و گوێنه‌دانه‌ سه‌روه‌ریی خاك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی پێبینین."

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردییه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌ یه‌كە به‌ یه‌كه‌ی خێزانی سه‌ربه‌رزی‌ شه‌هیدانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌ خوێن و قاره‌مانێتیی ئه‌و شه‌هیدانه‌، ئێستا كوردستان جه‌ژنی سه‌ركه‌وتن و تێكشكاندنی داعش ده‌گێڕێت. پیرۆزبایی له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، له‌ ئاسایش و هێزه‌كانی ناوخۆ و خۆبه‌خشان ده‌كه‌م كه‌ سه‌قامگیریی كوردستانیان پاراستووه‌. پیرۆزبایی له‌ فه‌رمانبه‌رانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌ خۆڕاگریی خۆیان، هێزیان دایه‌ گه‌ل و حكوومه‌تی كوردستان.

جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد و هه‌موو گه‌لی كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م، ئه‌و جه‌ژنه‌ی به ‌درێژاییی مێژووی كوردستان، هاوكات له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌ی سروشتدا، ڕۆژی نوێبوونه‌وه‌ی گیانی‌ نیشتمانپه‌روه‌ریی كورد بووه‌، بۆیه‌ش به ‌ڕاستی نه‌ورۆز بۆ كورد و كوردستان جه‌ژنی نوێبوونه‌وه‌یه‌. پیرۆزبایی له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌م كه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز ده‌گێڕن، هیوادارم جه‌ژنی پێشكه‌وتن و ئارامیی زیاتر بێت بۆ هه‌موومان.

له‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵدا ڕاسته‌ هێشتا زۆر له‌ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ناوچه‌ی شنگال له‌به‌ر ده‌ستی داعشدا ماون، تا ئێستاش قورساییی شه‌ڕ و لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی داعش به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا ماون، هێشتا قورساییی قه‌یرانی ئابووری به‌سه‌ر كوردستاندا ماوه‌، به‌ڵام به‌ هه‌وڵی بێوچان، به‌رده‌وام خوشك و برا ئێزدییه‌كانمان له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار ده‌كرێن، سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه،‌ گه‌لی كوردستانی وه‌ك میلله‌تێكی پارێزه‌ری ئازادی و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان به‌ هه‌موو جیهان ناساندووه‌، ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان و كاركردنی به‌رده‌وامی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباری حكوومه‌ت و هاوبه‌شیكردن له‌گه‌ڵ ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا له‌وباره‌یه‌وه‌، هیوایه‌كی به‌هێزی كۆتاییهێنان به‌ هه‌موو قه‌یران و كێشه‌كان ده‌به‌خشن.

له‌ نه‌ورۆزدا، له‌ پیرۆزترین ڕۆژی كوردستاندا، داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌كه‌م له‌پێناو پاراستنی هه‌موو ده‌ستكه‌وت و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌نگیان بكه‌نه‌ یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ شێوه‌ی لێكتێگه‌یشتن و ئاشتیانه‌، هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كان، فره‌هێزی و گوێنه‌دانه‌ سه‌روه‌ریی خاك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی پێبینین.

هیوادارم به‌ دڵێكی پڕ له‌ خۆشی و گه‌شبینییه‌وه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌گه‌ڵ خێزان و ئازیزانتاندا پیرۆز بكه‌ن و به‌ پاراستنی ژینگه‌ و سروشتی كوردستان، دۆستایه‌تی و خۆشه‌ویستیی خۆتان له‌گه‌ڵ سروشتی جوانی كوردستاندا نیشان بده‌ن.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
20/3/2017




ئه‌م بابه‌ته 2469 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.