‌په‌رله‌مانتارێكی كه‌ركوك وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌داته‌وه‌
PM:09:44:20/03/2017

وێستگه‌ نیوزـ

په‌رله‌مانتارێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ پشكی پارێزگای كه‌ركوك وه‌ڵامی به‌رپرسانی توركیای دایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر قه‌ڵای كه‌ركوك و رایگه‌یاند: با توركیا سه‌رقاڵی دۆخی ناوخۆیی خۆیی بێت، نه‌ك ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری ئه‌وانی دیكه‌.

له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی دراوه‌ته‌ وێستگه‌ نیوز، رێبوار ته‌ها، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر پشكی پارێزگای كه‌ركوك رایگه‌یاند: له‌وكاته‌دا كه‌ داوای كرانه‌وه‌ به‌ڕوی وڵاتانی دراوسێ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌سه‌ر هه‌موو ئاته‌كان ده‌كات، ده‌ستوه‌ردانیش له‌ كاروباری ناوخۆی عیراق و دروستكردنی قه‌یرانی ناوخۆ له‌لایه‌ن هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ی كه‌ركوك ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر رێزگرتنی یه‌كتر بنیادنراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك رایگه‌یاندووه‌، به‌ته‌واوی ره‌تده‌كه‌وینه‌وه‌."

رێبوار ته‌ها وتویه‌تی: "پێویسته‌ توركیا ده‌ست له‌و پرسه‌ وه‌رنه‌دات، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌زاندنی سه‌روه‌ریی عیراقه‌، باشتره‌ توركیا بایه‌خ به‌ دۆخی ناوخۆی خۆی بدات، نه‌ك ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری ئه‌وانی دیكه‌".

په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ركوكییه‌كه‌ به‌پێویستیشی زانیووه‌ حكومه‌تی عیراق له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانی توركیا رابگه‌یه‌نێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی ئازاری 2017، ئاڵایەکی گەورەی کوردستان، لە تەنیشت ئاڵای عیراق، لەسەر قەڵای کەرکوک هەڵکرا.

بە ئامادەبوونی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت و بەرپرسانی ئیداری و حزبی و خەڵکێکی زۆری شارەکە، لەگەڵ کردنەوەی ئاهەنگی نەورۆز، ئاڵایەکی گەورەی کوردستان لەسەر قەڵای کەرکوک هەڵکرا.

لە وتەیەکدا، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک جەختی لە برایەتیی و پێکەوەژیانی نەتەوەکان لە کەرکوک کردەوە.

هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان هاته‌ ده‌نگ و به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر بینای پارێزگای كه‌ركوك ده‌ركرد و رایگه‌یاند ئه‌و جۆره‌ بڕیارانه‌ ده‌بنه‌ مه‌ترسی بۆسه‌ر ئه‌و شاره‌.

پێشتر و له‌ 17ی ئازاری 2017، نوێنه‌ری پێكهاته‌ی توركمان له‌ پارێزگای كه‌ركوك بڕیارێكی نه‌جمه‌دین كه‌رم، پارێزگاری كه‌ركوكیان ره‌تكرده‌وه‌ بۆ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی ئه‌و شاره‌ و داواشیان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كرد له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتوگۆ نه‌كه‌ن.

له‌ 17ی ئازاردا نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ ئاڵای كوردستان ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ كورد، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ئاڵای سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین به‌تایبه‌ت توركمان و عه‌ره‌به‌كان.

هاوكات وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی رایگه‌یاند كه‌ پێویستە تەنیا ئاڵای عیراق لە کەرکوک هەڵبکرێت و هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیش لەو شارە نادەستورییە و هەڵسوکەوتی تاکلایەنەش رەتدەکرێتەوە.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عیراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا وتی:"دەستووری عیراق بەروونی دەسەڵاتەکانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان و دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دیاری کردووە، دەسەڵاتی ئەو پارێزگایانەش دیاریکراون، کە سەر بە هیچ هەرێمێک نین، کەرکوک یەکێکە لەو پارێزگایانە".

حەدیسی دەڵێت "لە 2003ەوە عورفێکی سیاسی هەیە کاری پێدەکرێت، بۆیە بۆ هیچ لایەنێک نییە پێچەوانەی ئەمە هەنگاو بنێت، لەگەڵ پارێزگاکان لێژنەیەکی باڵای هاوئاهەنگییان هەیە و بەشێوەیەکی خولی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدەدەن و هیچ گرفتێکیش نەبووە".

لەبارەی ئەوەی کەرکوک ناوچەیەکی کێشەلەسەرە لەنێوان هەولێر و بەغدا، دەکرێت ئاڵای هەردوو لای تێدا هەڵبکرێت، وتەبێژی نوسینگەی عەبادی دەڵێت: "تائێستا ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵین، بۆیە لە ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان جگە لە ئاڵای عیراق، نابێت هیچ ئاڵایەکی دیکە لەسەر فەرمانگەکان هەڵبکرێت، ئەمە تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە و کەرکوکیش لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایانەدایە و پێویستە تەنیا پابەندی هەڵکردنی ئاڵای عیراق بێت".

سەعد حەدیسی دەڵێت، هەر رێوشوێن و هەڵسوکەوتێکی تاکلایەنە لەلایەن حکومەتی خۆجێی هەر پارێزگایەک رەتدەکرێتەوە و پێچەوانەی دەستوور و دەسەڵاتەکانە.

لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک، وتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عیراق رایگەیاند: "ئەمە پرسێکی ناوخۆییە و پەیوەندی بەهیچ وڵاتێکی دیکەوە نییە".




ئه‌م بابه‌ته 4454 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.