نرخی نه‌وت بۆ نزیکەی 51 دۆلار دابەزی


وێستگه‌ نیوزـ

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 21 ی‌ ئازاری‌ 2017، نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا ڕووی‌ لە دابەزینە و نرخی‌ بەرمیلێک نەوتی‌ برێنت بە 51 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی‌ پێوەکرا و نرخی‌ بەرمیلێک نەوتی‌ خاوی‌ ئەمریکیش گه‌یشته‌ 49 دۆلار و 9 سەنت.

 ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، و ئەو نرخەش نزمترین ئاستییەتی لە چوار مانگی ڕابردوودا.

دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەم ئاستە لە کاتێکدایە لە دوای ڕێککەوتنی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، نرخی بەرمیلێک نەوت  بۆ 58 دۆلار بەرزبووەوە.

دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت، هەفتەی ڕابردوو خالید فالح، وەزیری وزەی سعودییە، ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی پابەند بێت بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتنامەی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدراو لە ناوەراستی ئەمساڵیشدا ماوەی جێبەجێکردنی ریکەوتنەکە کۆتایی دێت.

هاوکات دابەزینی نرخی نەوت پەیوەستە بەو گومانانەوە کە لەسەر ڕوسیا دروستبووە سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.


AM:09:10:21/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 1909 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت