ئامارەکانی‌ تەندروستی‌ی دهۆک له‌ رۆژانی‌ نەورۆزدا


وێستگه‌ نیوزـ

لە رۆژانی‌ جەژنی‌ نەورۆزدا، زیاترله‌ 11 هەزار کەس سەردانی‌ بنکەکانی‌ تەندروستیان کردووە و سه‌دان حاڵەتیش لەلایەن تیمە گەڕۆکەکانی‌ تەندروستی چارەسەرکراون و لەو ژمارەیەش چه‌ند كه‌سێك گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

حەمزە رەزیکی‌، بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ پارێزگای‌ دهۆک له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: "لە رۆژانی‌ جەژنی‌ نەورۆزدا، 19  رووداوی‌ هاتوچۆ لە شوێنی‌ جیاجیای‌ سنووری‌ پارێزگای‌ دهۆک روویانداوە و به‌هۆیانه‌وه‌ پێنج کەس گیانی‌ لە دەستداوە، لە هەمان کاتیشدا 75 حاڵەتی‌ سووتان روویانداوە و سیانیان لە نەخۆشخانە خەوێنراون ، دووانی دیكه‌ش له‌ سووتاوەکان نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامداراوە و لەنێویشیاندا دوو کوردی‌ سوریا هەبوون".

بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ پارێزگای‌ دهۆک، ئاشكراشیكرد: "لە رۆژانی‌ جەژنی‌ نەورۆزدا، 11 هەزار و 984 کەس سەردانی‌ بنکەکانی‌ تەندروستیان کردووە و 683 حاڵەتیش لەلایەن تیمەکانی‌ تەندروستییەوە چارەسەرکراون و لەم ژمارەیەش، 18 کەس بەئەگەری‌ جیاجیا گیانیان لە دەستداوە ، هه‌ر له‌و رۆژانه‌شدا 448 منداڵ لە دایک بوون كه‌ 232یان کوڕ و 216شیان کچ بوون".

لەبارەی‌ ئەو کەسانەی‌ کە گیانیان لە دەستداوە، حەمزە رەزیکی‌ وتی‌: "ئەو 18 کەسەی‌ کە گیانیان لە دەستداوە هەمووی‌ بەهۆی‌ نەخۆشی‌ بووە کە هەشتیان بەهۆی‌ نەخۆشی‌ جۆراوجۆر بووە و پێنج کەسیش بەهۆی‌ جەڵتەی‌ دڵ، پێنجی‌ دیکەش بەهۆی‌ رووداوی‌ هاتوچۆ لە رۆژانی‌ نەورۆزدا، گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".

حەمزە رەزیکی‌ وتیشی‌: "لە رۆژانی‌ نەورۆزدا، 107 نەشتەرگەری‌ منداڵ بوون و فریاکەوتن لە سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک ئەنجامداروە و لە رۆژی‌ یەکەمی‌ نەورۆزدا، چوار کەس بەهۆی یارییەکانی ئاگرینی لە نەخۆشخانەی‌ فریاکەوتنی‌ دهۆک چارەسەری‌ پزیشکیان وەرگرتووە."

بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ تەندروستی‌ پارێزگای‌ دهۆک ئاشکرای‌ کرد کە 40 کەس بەهۆی‌ نەخۆشییەکانی‌ چاو یان دروستبوونی‌ حاڵەتی‌ نەخوازراو سەردانی‌ بنکەکانی‌ تەندروستییان لە سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک کردووە و سێ لەو 40 کەسە دەستبەجێ نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدراوە.

لە کۆتاییدا حەمزە رەزیکی‌ ئاماژەی‌ بەوەدا کە لە رۆژانی نەورۆزدا تیمەکانی‌ تەندروستی‌ بەردەوام لە ئەرکدا بوون و سەردانی‌ 271 شوێنیان کردووە  و دووهەزار و 925 سامپڵی خواردن و خواردنەوەش لەلایەن نۆڕێنگەکانی‌ بەرێوەبەرایەتی‌ تەندروستی‌ پشکنینیان بۆ کراوە.


PM:05:39:25/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 3044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو