نەوشیروان مستەفا سوپاسنامەیەکی بڵاوکردەوە


وێستگه‌ نیوزـ

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر کۆچی دوایی هاوسەرەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوەو وەڵامی پرسەنامەکەی بارزانیشی دایەوەو سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە چ بەسەردان یان نامە هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی هاوژین و هاوسەری ئازیزم شوعلە عەلی سەعید پێشانداوە.

نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکدا وەڵامی پرسەنامەکەی بارزانی دایەوەو وتی: "بە سوپاسێکی زۆرەوە پرسەنامەی سەرەخۆشی بەڕێزتانم پێگەیشت دەربارەی کۆچی دوایی شوعلەی هاوسەرم، لەخوای پەروەردگار داواکارم ئێوە سەلامەت بن".

لە لایەکی دیکەوە لەسەر بەشداریکردنی هاوڵاتیان و کەسایەتیەکانی کوردستان لە پرسەی شوعلە عەلی هاوسەری، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "بەشداریکردنی ئێوە لە پرسەکە و هاوخەمیتان بۆ بنەمەڵەکەمان ئاسودەیی و ئارامی پێ بەخشین و ئەوەی بەبیری هەموومان هێنایەوە کە کوردەکان هەمیشە چۆن لە ناخۆشی و تاڵی ژیاندا هاوخەم و پشتگیریکەری یەکترن".

نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە کە "لە خوا داواکارم هەمیشە خۆشبەخت بن و نیشتمانیش هەمیشە ئاودان و دوربێت لەهەموو کارەساتێک، لە ناخی دڵەوە لە خوا داواکارم هەمیشە سەرفرازبن و هەرگیز مەرگی ئازیزانتان نەبینن و نیشتیمانیش هەمیشە ڕوو لە ئاسۆی ڕوون بێت و ڕۆژ بە ڕۆژ بەروە گۆڕان و پێشکەوتن و سەرفرازی وئاشتی هەنگاو بنێت".




دەقی راگەیەندراوەکەی نەوشیروان مستەفا:


شوعلە عەلی هاوسەری‌ نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ڕۆژی 17ی ئازاری 2017، لە تەمەنی‌ 60 ساڵیدا لە شاری‌ سلێمانی‌ کۆچی‌ دوایی کرد و لە گۆڕستانی‌ گردی‌ سەیوان بەبێ ئامادەبوونی هاوسەر و منداڵەکانی بەخاکسپێردرا.

شوعلە عەلی سەعید، لە ساڵی 1957 لە دایکبووە و ساڵی 1981لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هاوسەرگیری کردووە و له‌ هه‌موو وێستگه‌كانی‌ خه‌باتدا شانبه‌شانی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كاریكردووه‌، دوو کوڕ و کچێکیان هەیە بەناوەکانی نما و چرا و چیا و خاوەنی دووبرای شەهید بەناوەکانی شوان و شێرکۆ.

دوای کۆچی دوایی شوعلە عەلی، بەشێک لە حزب و لایەنە سیاسییەکان پرسە و سەرەخۆشیان ئاراستەی بنەماڵەکەی و نەوشیروان مستەفا کرد، لەو چوار چێوەیەشدا، هەر یەکە لە بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی، پرسەنامەیان ئاراستەی پارتی کرد و شاندێکی پارتیش بە سەرۆکایەتی ئەدهەم بارزانی بەشداری پرسەی شوعلە عەلی کرد.

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە مانگی‌ ئەیلولی‌ ساڵی‌ ڕابردووەوە لە لەندەنی‌ پایتەختی‌ بەریتانیایە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و پێشتریش نەوشیروان مستەفا جارێکی تر سەردانی لەندەنی کردبوو بۆ وەرگرتنی چارەسەر.


PM:08:33:25/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 8922 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو