وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق ره‌تیكرده‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كچێكی عیراقی، مافی په‌نابه‌رێتی بدات به‌ هه‌ر هاوڵاییه‌كی عه‌ره‌ب كه‌ بیه‌وێت له‌ عیراق نیشته‌جێ بێت.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق راگه‌یاند كه‌ هه‌ندێك له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ بۆ نیشته‌جێبوونی هه‌ر هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب له‌ خاكی عیراقدا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ كچێكی عیراقی بهێنێت.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ مافی مانه‌وه‌ له‌ عیراقدا مه‌رج و رێنمایی خۆی هه‌یه‌ و به‌پێی یاسا دیاریكراوه‌، له‌وانه‌: كه‌سه‌ بیانییه‌كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان یان كه‌رتی تایبه‌تی عیراق كار بكات و به‌ڵگه‌نامه‌ی بۆ سه‌له‌ماندنی ئه‌وه‌ش پێ بێت.

یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌كانی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ خوێندكاری یه‌كێك له‌ زانكۆكانی عیراق بێت یان ژنێكی عیراقیی خواست بێت یان شوی به‌ عیراقییه‌ك كردبێت.

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌بانه‌ی كارێكی ره‌سمیان له‌ وه‌زاره‌ت یان كه‌رتی تایبه‌ت نییه‌، ده‌یانه‌وێت له‌ رێی هاوسه‌رگیری مافی مانه‌وه‌ له‌ عیراق وه‌ربگرن، هه‌ربۆیه‌ داوای له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كردووه‌ وردتر بن له‌ گواستنه‌وه‌ی زانیاریدا.

پێشتر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن وایانبڵاوكرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق بۆ مانه‌وه‌ی هه‌ر هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب له‌ خاكیدا عیراقدا مه‌رجی هاوسه‌رگیریی له‌ خانمێكی عیراقی به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ بیانییه‌دا سه‌پاندووه‌.


PM:09:21:25/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 4839 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت