چوار فراکسیۆنی کورد کۆبوونەوە لەگەڵ عەبادی بایکۆت دەکەن


وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، حەیدەر عەبادی داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عیراقدا کردووە، بەڵام فراکسیۆنەکانی گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ بڕیاریانداوە کۆبوونەوەکە بایکۆت بکەن.

کاوە محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ کاتژمێر 7ی ئێوارە کۆبوونەوەکە لە شاری بەغدا بەڕێوەبچیت، بەڵام تائێستا جگە لەو چوار فراکسیۆنە کوردستانییە، فراکسیۆنی پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رانەگەیاندووە.

کاوە محەمەد راشیگەیاند، هۆکاری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی، کە عەبادی تانەی لە کۆمەڵێ ماددە و بڕگەی یاسای بودجەی ساڵی 2017 داوە کە ئەو چوار فراکسیۆنە ڕۆڵی گرنگیان لە چەسپاندنیاندا هەبوو، بە تایبەت موچەی پێشمەرگە و تەرخانکردنی بڕە پارەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک و هەڵەبجە.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە عەبادی هەڵوێستی نێگەتیڤانەی بەرامبەر پارەی گەنمی جوتیاران هەبووە کە بڕیاریدا تەنیا 17%ی پارەی جوتیارانی هەرێم خه‌رج بکات و پارەی تەرخانکراو بۆ بەشە دەرمانی هەرێمی بڕیوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق وتیشی، لەبەر ئەو هەڵوێستە ناڕەوایانەی دژ بە خەڵکی کوردستان نواندوویەتی، پێویستە سەرۆک وەزیرانی عیراق خۆی بێتە پەرلەمان و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.


PM:09:36:25/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 3758 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت