ئوسامه‌ نوجێفی‌: پێویسته‌ شه‌ڕ دژی‌ داعش به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام...


وێستگه‌ نیوز –
 ئوسامه‌ نوجێفی‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ شه‌ڕ دژی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌ داعش به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام شێوازه‌كه‌ی‌ بگۆڕدرێت.

ئوسامه‌ نوجێفی‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ‌ سكای‌ نیوزی‌ عه‌ره‌بی رایگه‌یاند كه‌ "داوای‌ راگرتنی‌ شه‌ڕ ناكه‌م... پێویسته‌ شه‌ڕ دژی‌ داعش به‌رده‌وام بێت، پێویسته‌ هێزی‌ شاره‌زا و تایبه‌تمه‌ند به‌كاربێت، چونكه‌ شاره‌كه‌ به‌رگه‌ی‌ تۆپخانه‌ و مووشه‌كی‌ قورس وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌فته‌كانی‌ رابردوودا به‌كارهێنرا، ناگرێت".

ئوسامه‌ نوجێفی‌ وتی‌: "حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ كێشه‌ی‌ موسڵ‌ كه‌مته‌رخه‌م بوون، چونكه‌ رێوشوێنی‌ پێویست له‌سه‌ر ئاستی‌ سه‌ربازی‌ و مرۆیی نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر....بارودۆخی‌ ئاواره‌كان زۆر خراپه‌ و كاره‌سات روویداوه‌".

وتیشی‌: "كات گرنگ نییه‌، گرنگ مرۆڤه‌كانه‌، پێویسته‌ مرۆڤه‌كان رزگار بكه‌ین... بارودۆخی‌ سیاسی‌ و سه‌ركه‌وتنمان له‌ سه‌قامگیری‌ سیاسی‌ وا پێویسته‌ ده‌كات ئه‌و خه‌ڵكه‌ رزگار بكه‌ین، ناكرێت چاو له‌ گیانی‌ هاوڵاتیانی‌ مه‌ده‌نی‌ و ئاینده‌یان بپۆشین و ته‌نها چاومان له‌سه‌ر به‌ خێرایی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ بێت".

ده‌رباره‌ی‌ به‌شداری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ شه‌ڕی‌ نه‌ینه‌وا، جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "بوونیان پێویست نییه‌"، داواشیكرد "حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌ و بخرێنه‌سه‌ر هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان".

هاوكات سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌شی‌ باس له‌ كوژرانی‌ زیاتر له‌ 500 هاوڵاتی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ بۆردوومانی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كاندا ده‌كه‌ن، نوجێفی‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "پێویستمان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ تا راستییه‌كان ئاشكرا بكرێن، ده‌مانه‌وێت راستییه‌كان بزانین.. ئه‌مه‌ پرسێكی‌ ئاسایی نییه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئاشكراكردنی‌ راستییه‌كان و لێپرسینه‌وه‌ی‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كان و رێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یداین".

وتیشی‌: "گیانی‌ 500 هاوڵاتی‌ بێتاوان پرسێكی‌ ئاسایی نییه‌، گه‌ر رێز له‌ هاوڵاتیانی‌ بێتاوان بگیرێت، پێویسته‌ سزای‌ ئه‌وانه‌ بدرێت كه‌ فه‌رمانیان ده‌ركردووه‌ و ئه‌وانه‌شی‌ جێبه‌جێیان كردووه‌".

نوجێفی‌ ئاشكرایكرد كه‌ له‌سه‌ر داوای‌ روسیا ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ تاووتوێكردنی‌ ئه‌و بۆردوومانه‌ ئاسمانییه‌ی‌ كرایه‌سه‌ر خانوونی‌ هاوڵاتیان له‌ رۆژئاوای‌ موسڵ‌ ساز ده‌كات.


PM:07:50:26/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 4881 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت