ئێران به توندی وه‌ڵامی ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه
وێستگه نیوز ـ
وته‌بێژی ره‌سمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به توندی وه‌ڵامی سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌داته‌وه كه تارانی به په‌یڕه‌وكردنی "سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستانه" له عیراق تۆمه‌تبار كردبووه و و رایگه‌یاند كه ئه‌و جۆره لێدوانانه قبوڵكراو نین و بێ پاساون.
ئاژانسی میهر نیوز له زاری به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بڵاویكرده‌وه كه "لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی تورك ده‌ستوه‌ردانه له كاروباری وڵاتانی تر و هیچ بنه‌مایه‌كی راستییان نییه".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتی: "ئه‌و جۆره لێدوانانه هه‌وڵێكه بۆ پاساوهێنانه‌وه بۆ سیاسه‌تی پاوانخوازی توركیا له وڵاتانی دراوسێدا" و ئامۆژگاری به‌رپرسانی توركیای كرد كه "پرسه مرۆییه‌كان تێكه‌ڵاوی ململانێ سیاسییه‌كان نه‌كه‌ن".
وتیشی: "لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی توركیا ده‌رباره‌ی ئێران قبوڵكراو نین و بێ پاساون" و سه‌ركۆنه‌ی كردن.
له لێدوانه‌كه‌یدا قاسمی ئاماژه‌ی به لێدوانه "هه‌ڵه"كانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ده‌رباره‌ی شه‌پۆلێكی نوێی ئاواره‌كان كه ژماره‌یان سێ ملیۆنه كه‌سه له ئێرانه‌وه بۆ توركیا و له‌وێوه بۆ ئه‌وروپا كرد و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه.
وتیشی: "زیاتر له 30 ساڵه ئێران ملیۆنان ئاواره‌ی وڵاتانی دراوسێی له خۆی گرتووه و پێویسته توركیا له‌وه تێبگات كه چۆن ئێران زیاتر له 3 ده‌یه میوانداری ملیۆنان ئاواره‌ی كردووه و ئه‌و پرسه مرۆییه‌ی بۆ مه‌به‌سته تایبه‌ته‌كانی نه‌قۆستۆته‌وه و له سیاسه‌ته‌كانی دژی هیچ وڵاتێك به‌كاری نه‌هێناوه".
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه كۆماری ئیسلامی ئێران پێیوایه كه رێزگرتن له سه‌روه‌ری نیشتمانی و یه‌كپارچه‌یی وڵاتانی دراوسێ باشترین بژارده‌ن بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا له‌بری تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه.
رۆژی شه‌ممه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له چالاكییه‌كی فه‌رمانبه‌رانی حكومی له شاری ئه‌نتالیا وتی: "سیاسه‌ته‌كانی رابردووی ئێران كاریگه‌ری له عیراق كردووه .... قه‌یرانی عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای تایه‌فی و ناكۆكی دروست بووه".
AM:09:59:27/03/2017
ئه‌م بابه‌ته 4039
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت