داواكاری گشتی كۆریای باشور هه‌وڵی ده‌ستگیركردنی سه‌رۆكی له‌سه‌ركارلابراو ده‌دات


وێستگه‌ نیوزـ

داواکاری گشتی لە کۆریای باشور ڕایانگەیاند هەوڵ دەدات دادگا بڕیارێک بدات بۆ دەستگیرکردنی پاک گیون هی سەرۆکی لەکار لابراو بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت سەبارەت بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە کۆمپانیای گەورەی وڵاتەکەی.

پاکی تەمەن 65 ساڵ کە یەکەم ژنە لە کۆریای باشور بە شێوەیەکی دیموکراسیانە بووبێت بە سەرۆک، زیاتر لە دوو هەفتەیە لە پۆستەکەی لادرا دوای ئەوەی دادگای دەستوری بڕیارێکی پەرلەمانی پەسەندکرد بۆ لێپرسینەوە لەگەڵی سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون.

پاک تۆمەتبارکراوە بەوەی ڕێگەی بە چۆی سوون سیلی هاوڕێی داوە فشار بخاتە سەر کۆمپانیا گەورەکان تاوەکو پارە ببەخشنە دوو دەزگا کە پشتیوانیان لە کارە سیاسییەکانی کردبوو، بەڵام پاک و چۆی هاوڕێی ڕەتیدەکەنەوە کاری هەڵەیان کردبێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27ی ئازاری 2017، ئۆفیسی داواکاری گشتی لە ڕاگەیاندنەکەیدا وتی پاساویان بۆ دەستگیرکردنی پاک هەیە کە گومان دەکرێت هەوڵی لەناوبردنی بەڵگەکان بدات.

هەفتەی رابردووش داواکاری گشتیی كۆریای باشور بۆ ماوەی 14 کاتژمێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ پاکدا کرد.

بڕیاریش پێنجشەممەی داهاتوو دادگا دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات بۆ بڕیاردان لەسەر داوای دەسـتگیرکردنەکە، ئەگەر هاتوو پاک دەستگیرکرا، ئەوا داواکاری گشتی ماوەی 20 ڕۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکانی.

هاوكات ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر پاکدا ساغ بوونەوە بەوەی بەرتیلی وەرگرتووە، ئەوا رەنگە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ زیندانی بکرێت.


PM:06:25:27/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 3115 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت