هەڵسوڕاوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا دەکات


وێستگە نیوز -

بەرپرسی بازنەی بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزاى چۆمان دواى 24کاتژمێر لە دەستگیرکردنى، ئازاد کرا.

دواى ئازاکردنیشى ئاماژەى بەوەکرد دواى ئەوەى لەناو بازارى چۆمان دەستگیرکرا ڕاستەوخۆ گواستراوەتەوە بۆ ئاسایشى سۆران و لەوێ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە و هۆکارى دەستگیرکردنەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە بە ڕێگاى قاچاغ چووەتە ئاهەنگەکەى بنارى قەندیل.

هەر سەبارەت بە هۆکارى دەستگیرکردنى ئەو هەڵسوڕاوەى گۆڕان، بەڕێوەبەرى ئاسایشى سۆران ئاماژەى بەوەکرد کە ئەوان تەنها بۆ لێکۆڵینەوە بانگیان کردووە لەسەر ئەوەى کە بەڕێگەى قاچاغ چووە بۆ قەندیل چونکە ڕێگەى قاچاغ قەدەغەیە خەڵکى پێدا بڕوات.

مەکۆی چۆمانی بزوتنەوەی گۆڕان، دەستگیرکردنى هەڵسوڕاوەکەیان بە فڕاندن دادەنێن و دەڵێن چەندینجارى دیکە هەڵسوڕاو و لایەنگرەکانیان ڕووبەڕوی فشارى هێزەکانى ئاسایش بوونەتەوە.

رۆژی ٢١ ئەم مانگە، سالار ئیسماعیل بەرپرسی بازنەی بزوتنەوەی گۆڕان لە چۆمان یەکێک بوو لەو کەسانەی لە بازگەى وەرتێ لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگری لێکرا بچێتە قەندیل بۆ بەشدارى لە ئاهەنگی نەورۆز، دواتریش لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فیسبوک بڵاویکردەوە دەڵێت، دواى ئەوەى ڕێگرییان لێکردووە، لە ڕێگەى قاچاخەوە دەچێتە قەندیل.



PM:09:50:27/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 16503 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو