عارف روشدی: پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت


وێستگه‌ نیوزـ

راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: پارتی سوره‌ لەسەر جێبەجێكردنی پەیامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی و چاوەڕوانی لایەنەكانی دیكەیە بۆ ئەوەی پێكەوە دابنیشن و بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی، لەگەڵ ئەوەی هەرشتێك لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بێت، پارتی ئامادەیە بیكات، ئامادەشە کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت.

عارف روشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: ''پێش ماوەیەك مه‌سعود بارزانی دەستپێشخەرییەكی ڕاگەیاند و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش پێشوازییان لێ كرد. "دەستپێشخەرییەكە لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بوو، گۆڕانگارییەكانی ئەمڕۆش خێران و ئەوەمان لێ دەخوازن، كە یەكڕیز بین. ئەو دەرفەتەی ئەمڕۆ بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە، دەرفەتێكی مێژوویییە نابێت هەندێك لایەن ماندوبونی خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە، كە بە هەزاران شەهید و برینداریان داوە، بۆ بەرژەوەندیی حزبی بقۆزنەوە و نێوماڵی كورد تێك بدەن. "

روشدی به‌پێویستی زانیووه‌ سه‌رجه‌م لایەنەكان دەستبه‌رداری بەرژەوەندیی حزبی ببن و دەست لەناو دەستی یەكدی بنێن و یەكڕیز بن، چونكە ئەگەر ئەو دەرفەتەی هاتووەتە پێش لەدەستی بدەین، 100 ساڵی دیكەش كورد بەو دەرفەتە ناگاتەوە،هەموو وڵاتانی جیهان تێدەگەن خواستی گەلی كورد سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانە، چونکە دەزانن مافێكی ڕەوای گەلی كوردە. بۆیە دەبێت لایەنەكان ئەوە بەهەند وەربگرن و بە جددی كاری لەسەر بكەن، بۆ ئەوەی گەلی كورد بە هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات.

روونیشكرده‌وه‌: ''پارتی بە هیچ شێوەیەك لە پەیامی بارزانی پاشگەز نەبووەتەوە، بەڵكو سوره‌ لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پەیامە و چاوەڕوانی لایەنەكانی دیكەیە بۆ ئەوەی پێكەوە دابنیشن و بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی، لەگەڵ ئەوەی هەرشتێك لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بێت، پارتی ئامادەیە بیكات.

راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كه‌ پارتی و مه‌سعود بارزانی 100% لەگەڵ ئەوەن كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.


PM:10:05:27/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 4852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو