به‌شێك له مووچه‌ی سۆران عومه‌ر بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی سه‌فین دزه‌یی بڕدرا
وێستگه نیوز -
به بڕیاری وه‌زاره‌تی داد به‌شێك له مووچه‌كه‌ی سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان بڕدراوه، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم به بڕی زیاتر له ٦٠ ملیۆن دینار.
دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بلاوكرده‌وه كه وه‌زاره‌تی دادی حكومه‌تی هه‌رێم، بڕی پێنج یه‌كی مووچه‌ی سۆران عومه‌ری وه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیوه، به‌مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم.
وه‌زاره‌تی داد ڕۆژی 16ی ئازاری 2017 بڕیاره‌كه‌ی ده‌ركردووه و ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ش رایگه‌یاند كه "له كاتی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 1ی ساڵی 2017ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمدا به‌شێك له مووچه‌كه‌ی بڕدراوه.
سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌سه‌ر دۆسییه‌كه وتی: "دۆسیه‌كه ئێستا له دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌یه و بڕیاره‌كه پله‌ی كۆتایی وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵام وه‌زاره‌تی داد بڕیاری ده‌ركردووه بۆ بڕینی به‌شێك له مووچه‌كه‌م".
پێشتر دادگای به‌رایی هه‌ولێر بڕیاریدابوو به سزادانی سۆران عومه‌ر به بڕی زیاتر له ١٧٠ ملیۆن دینار بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم و سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم، دواتریش مه‌سرور بارزانی ڕایگه‌یاند، كه ئه‌و پاره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌رناگرێت.
سكاڵاكه‌ی مه‌سرو بارزانی له‌سه‌ر وته‌یه‌كی سۆران عومه‌ربوو له به‌رنامه‌ی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا له 13ی ئازاری ساڵی 2016دا كه وتبووی "كوڕێكی مه‌سعود بارزانی، نه‌وتی عه‌ین زاله‌ی فرۆشتووه و كه‌ناڵێكی ئاسمانی به بڕی 79 ملیۆن دۆلار دامه‌زراندووه".
هه‌روه‌ها سكاڵاكه‌ی سه‌فین دزه‌یی له‌سه‌ر وته‌یه‌كی سۆران عومه‌ر بوو له هه‌مان به‌رنامه‌دا كه وتبووی: "له‌م كاتی قه‌یرانی داراییه‌دا ئۆتێلێك به ناوی ئوتێل هه‌ورامان له نزیك ئوتێل چوارچرای شاری هه‌ولێر، له لایه‌ن خێزانی وته‌بێژی حكومه‌ته‌وه ته‌واوكراوه".
PM:08:51:28/03/2017
ئه‌م بابه‌ته 35010
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت