"بی ئێم-ە رەش"ەكەی كەركوك فرۆشرا


وێستگە نیوز ـ 
"بی ئێمە ڕەشەكە"، كە لە هێرشەكەی چەكدارانی داعش بۆ سەر شاری كەركوك، بوو بە فریادڕەسی كەركوكیەكان ‌و گیانی دەیان هاوڵاتی لە مەرگ رزگار كرد، لەلایەن خاوەنەكەیەوە فرۆشرا.

ئاكۆ عەبدولڕەحمان، ناسراو بە ئاكۆ دووزی، پێشمەرگەی لیوای 116 ی سۆران لە میحوەری خورماتوو و خاوەنی "بی ئێم-ە رەش"ەكە، بە ماڵپەرەكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پاش چەند مانگێك چاوەڕوانی و بێ ئومێدبوون لە هەوڵی بەرپرسانی كەركوك، بۆ دیاریكردنی شوێنێك بۆ دانانی ئۆتۆمبێلەكەم لەناو شاری كەركوك وەك سیمبولێكی شەڕەكەی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووی كەركوك، لە چەند رۆژی رابردوودا، بی ئێم-ە رەشەكەم فرۆشت".

ئاكۆ دەڵێت: "بەهۆی ئەو زیانانەی لەو شەڕەدا بەر ئۆتۆمبێلەكەم كەوت، حەوت ملیۆن و 340 هەزار دینارم خستە سەری تا چاك بوویەوە، چونكە زیانێكی زۆری بەركەوتبوو، دواتر بە حەوت هەزار و 500 دۆلاری ئەمریكی (75 وەرەقە) بە هاوڕێیەكی خۆمم فرۆشت". 

ئاكۆ دووزی پێشتر رایگەیاندبوو: "رۆژی هێرشەكەی داعش تا شەوەكەی زیاتر لە 70 بریندارم لە پێشمەرگە و خۆبەخش ‌و پۆلیس ‌و ئاسایش بە كورد و عەرەب ‌و توركمانەوە بۆ نەخۆشخانە گواستەوە، بەداخەوە یەكێك لە بریندارەكان لە رێگەی نەخۆشخانەدا گیانی لە دەستدا، هەرچەندە برینەكەشی قورس نەبوو، بەڵام ماوەیەكی زۆر بەسەر برینداربونەكەیدا تێپەڕی بوو كەس نەچووبوو بە هانایەوە، ئەوەش بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو".

ئاشكراشیكرد: "لە كۆمپانیای دروستكردنی BMW لە ئەڵمانیاوە پەیوەندیم پێوەكراوە و پێشنیازیان بۆ كردم ئۆتۆمبێلەكەمیان بدەمێ بۆ مۆزەخانەی خۆیان ‌و لە بەرامبەردا BMW ێكم بە بڕی تێچوونی 16 دەفتەر دۆلار بۆ دروست بكەن، بەڵام ئەوەم رەتكردەوە و پێم باش بوە لە كوردستاندا بمێنێتەوە وەك سیمبولێكی ئەو شەڕە".

بەرەبەیانی 21 ی تشرینی یەكەمی 2016، ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردە سەر شاری كەركوك ‌و دەستیانگرت بەسەر ژمارەیەك باڵەخانەدا، دواتر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش ‌و پۆلیس ‌و هاوڵاتیانی خۆبەخشەوە بەرپەرچی هێرشەكەیان درایەوە و توانرا دۆخی ئەمنی شارەكە كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە.


PM:10:24:28/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 69756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو