دوو پەرلەمانتار پێشنیاز دەكەن پەرلەمانی كوردستان لە كەركوك كۆببێتەوە


وێستگە نیوز ـ
دوو پەرلەمانتار پێشنیازدەكەن، پەرلەمانی كوردستان لە كەركوك دانیشتنێك بكات بۆ پشتیوانكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگا لەبارەی ئاڵای كوردستانەوە.

هەر یەكە سالار مەحمود و گۆران ئازاد، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە پێشنیازەكەیاندا دەڵێن "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان با وەك هەوڵێك بۆ ئاسییكردەنەوەی ناو ماڵی كوردستان بقۆزرێتەوە، ئاڵای كوردستان هاوبەشی نێوانمانە وەك چۆن كەركوك و خەڵكەكەی پێویستە كۆكەرەوەمان بێت".

ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە "بابەتی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان بەهەند وەربگرێت لە ڕووی یاساییەوە و بڕیاری هەبێت لە دۆزینەوەی میكانیزمی یاسایی بۆ چۆنێتی بەشداری پێكردنی خەڵكی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی تر لەهەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی كوردستان ئەم مەسەلەیەش گرنگیەكەی كەمتر نییە لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و پرسێكی چارەنووس سازە".

خوازیاری ئەوەشن كە "بەگیانی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی قۆناغەكە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەهەموو پێكهاتەكانەوە بكەونە گفتوگۆ و دانانی ڕێوشوێنی پێویست و هاوبەش بۆ ئەم پرسە، وەك چۆن لەم خولەی پەرلەماندا دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان لەهەڵەبجە ئەنجامدار".

سەبارەت بە پرسی یاسایی بوونی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك سالار مەحمود و گۆران ئازاد دەڵێن "بەپێی دەستووری هەمیشەیی عیراق نەوتراوە تەنیا ئاڵای عیراق بەرز بكرێتەوە لە كەركووك یان نابێ ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت".

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بڕیاریدا ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق لەسەر دامەزراوەكانی حكومەت لە شارەكەدا هەڵبكرێت و كوتلەی عەرەب و بەرەی توركمانیش بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیان كرد.

هەروەها نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك ڕایگەیاند "هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك دژی هیچ پێكهاتەیەكی تر نییە".

لە كاردانەوەی بڕیارەكەشدا، وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك، بەبێ بەشداری لیستی عەرەبی و توركمانی كەركوك پێشێلكردنی ئاشكرای دەستوورە.

دەقی پێشنیازەی دوو پەرلەمانتارەكە

پەرلەمان با لەكەركوك كۆببێتەوە
پێشنیازێك بۆ لایەنە سیاسیەكانی هەرێم
گرنگە پەرلەمانی كوردستان لە كەركوك دانیشتنێك بكات بۆ پشتیوانكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگا لەبارەی ئاڵای كوردستانەوە. هەڵكردنی ئاڵای كوردستان با وەك هەوڵێك بۆ ئاسییكردەنەوەی ناو ماڵی كوردستان بقۆزرێتەوە، ئاڵای كوردستان هاوبەشی نێوانمانە وەك چۆن كەركوك و  خەڵكەكەی پێویستە كۆكەرەوەمان بێت. پێشنیار دەكەین لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و بەتایبەتی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی كوردستان تێكڕا پێكەوە بڕیار بدەن لە رێگەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە بڕیاری دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمانی  كوردستان بدەن، بەمەبەستی پشتیوانی بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و لەێوە بەرەو كردنەوەی گرێ كوێرەی كێشە یاسایی و سیاسیەكانی تر.


لێرەوە خوازیارین  بەگیانی هەستكردن بەبەرپرسیارێتی قۆناغەكە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەهەموو پێكهاتەكانەوە بكەونە گفتوگۆ و دانانی رێوشوێنی پێویست و هاوبەش بۆ ئەم پرسە، وەك چۆن لەم خولەی پەرلەماندا دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی كوردستان لەهەڵەبجە كرا لە ۱٦/۳/۲٠۱٥ هەڵەبجە بە كۆدەنگی كرا بە پارێزگا بەو شێوە كەركووك كۆمان بكاتەوەو  بەشێك لە برین و كەلێنەكان ساڕێژ بكات.. لەم چوارچێوەیەشدا گرنگە پەرلەمان بابەتی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان بەهەند وەربگرێت لە رووی یاساییەوەو بڕیاری هەبێت لە دۆزینەوەی میكانیزمی یاسایی بۆ چۆنێتی بەشداری پێكردنی خەڵكی كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی تر لەهەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی كوردستان ئەم مەسەلەیەش گرنگیەكەی كەمتر نییە لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و پرسێكی چارەنوسسازە. بەپیرەوەهاتنی ئەم داواو پێشنیارە كە ویست و خواستی هەمووانیشە وەفادارییە بۆ خەباتی گەلەكەمان و خوێنی شەهیدەكانی رووبەڕوو بونەوەی داعش و  پەیامە میژوویەكانی مەلا مستەفای بارزانی و مام جەلال و بزوتنەوەی كوردایەتی..
بێگومان ئاڵای كوردستان لە كەركووك یاساییەو ناكۆك نییە لەگەڵ دەستووردا.

بەپێی یاسای ژمارە (۱٤)لە ساڵی ۱۹۹۹پەرلەمانی كوردستان ئاڵای كورستان بەفەرمی ناساندوە و هەر بە بڕیاری پەرلەمانیش رۆژی ئاڵا لە كوردستاندا لە ۱۷ی كانوونی یەكەم بە بڕیاری ژمارە(٤۸) رۆژەكە دیاری كراوە. بەپێی دەستووریی هەمیشەیی عیراق كە ساڵی ۲٠٠٥ پەسەند كراوە یاساكانی پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی سەلمێنراوە، لەدەقی مادە ۱٤۱ی دەستووری هەمیشەیدا هاتووە كار بەیاساو بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت ئەوانەی لە ساڵی ۱۹۹۲ەوە ۲٠٠۳ دەركراوون، ئەمەش هێمای خۆی هەیە. سەبارەت بە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانیش  بەپێی دەستووری هەمیشەیی عیراق نەوتراوە تەنیا ئاڵای عیراق بەرز بكرێتەوە لە كەركووك یان نابێ ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت.

 لەبەر ئەوەی بۆ جێبەجێكردنی  ماددەی ۱٤٠  ی دەستوور دوا وادە ۳۱/۱۲/۲٠٠۷ بوو.  لەو ماوە بۆ ئەم دە ساڵە ۲٠۱۷، ئیرادەی گشتی كوردستانیان لە كەركووك خوازیارن بە تەواوی چارەنووسی شارەكەیان  یەكلا بكرێتەوە. ئەنجومەنی پارێزگاش گوزارشتە لە پەیوەندیدارترین دامەزراوەی بڕیاردان لە پرسی ئاڵا. بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە سایەی ئەم ئاڵایەدا تیرۆریستانی داعش لەكەركوك و دەوروبەری تێكشكێنراو بە سەدان شەهید هەزاران بریندار پارێزگاریان لە ناسنامەی پارێزگاكە 
كرد.

هەڵكردنی ئاڵای كوردستان باببێتە دەرفەتی شەفافیەتی فرۆشتنی نەوتی كەركووك و چاكسازیی گشتی و گەڕانەوەی داهاتەكەی بۆ خەڵكی كەركووك وچیتر نەوت لەكەركووك نەبێتە مایەی مەینەتی بۆ هاونیشتمانییەكانی لەسایەی هەموو دەسەڵاتەكاندا.
بەم هەنگاوەش كەركووك بە كردەیی بكەینە شوێنی كۆكەرەوەو پاراستنی ماف و ئازادیی و پێكەوە ژیانی هەموو پێكهاتەكان و هەوێنی ئاشتەوایی و گەڕانەوەی یەكجاریی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

سالار مەحمود - گۆران ئازاد
ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان


PM:11:02:28/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 5655 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو