پۆشاكی رۆژنامه‌نووسانی مه‌یدانی یه‌كده‌خرێت
وێستگه نیوز ـ
سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له راگه‌یه‌نراوێكدا سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاگادارده‌كاته‌وه كه وه‌ك دیارده‌یه‌كی شارستانی له‌هه‌وڵی یه‌كخستنی پۆشاكی رۆژنامه‌نووساندان و داواش له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌كات ناوی رۆژنامه‌نووسه مه‌یدانییه‌كانیان بۆ بنێرن.
كاروان ئه‌نوه‌ر، سكرتێری لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا له فه‌یسبوكی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه: "بۆ ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسانی مه‌یدانی له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و هێزه‌كانی ناوخۆوه بناسرێنه‌وه، تا رێز‌و هه‌ڵسوكه‌وتی تایبه‌تیان له‌گه‌ڵ بكرێت، هه‌وڵده‌ده‌ین له سنووری پایته‌ختی رۆشنبیری‌دا جۆرێك ئێله‌ك به لۆگۆی پایته‌خته‌وه بۆ رۆژنامه‌نووسانی مه‌یدانی دابینبكه‌ین".
ده‌شڵێت: "لقی سلێمانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ئاگاداری سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی سنووری لقه‌كه‌ی ده‌كات (بینراو، بیستراو، خوێنراو، ئه‌لكترۆنی..) وه‌ك دیاریه‌ك به‌بۆنه‌ی 119 هه‌مین ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌وه، جیاواز له ساڵانی پێشوو، ئه‌مساڵ له به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه‌و بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین رۆژنامه‌نووس سوودمه‌ندبن، بڕیارماندا به دیزانێكی ستاندارد و كوالێتی باش ئێله‌ك بۆ رۆژنامه‌نووسان دروست بكه‌ین و به‌بێ به‌رامبه‌ر دابه‌شی بكه‌ین به‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسه مه‌یدانیه‌كانماندا (په‌یامنێرو كامێرامان و فوتۆگرافه‌رانی مه‌یدانی) سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی سنووری لقه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی چه‌ند كتێبێك بۆ كه‌ناڵه‌كانیان به‌بێ به‌رامبه‌ر".
ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "بۆیه داواكارین سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی سنووری لقه‌كه‌مان (بینراو، بیستراو، خوێنراو، ئه‌لكترۆنی) لیستی ناوی په‌یامنێر و فۆتۆگرافه‌ر و كامێرامانی مه‌یدانیمان به نووسراوی ره‌سمی بۆ بنێرن له‌پێش به‌رواری 22/4 تا بتوانین له‌و رۆژه‌دا له باره‌گای لقه‌وه ئێله‌كه‌كان بده‌ینه رۆژنامه‌نووسان و كتێب و بڵاوكراوه‌كانمان بگه‌یه‌نینه كه‌ناڵه‌كانی سنووری لقه‌كه‌مان".
PM:02:21:29/03/2017
ئه‌م بابه‌ته 3276
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت