كونسوڵی‌ گشتی‌ چیك بۆ وێستگه‌نیوز: له‌ بواری‌ سه‌ربازیدا هاوكاریی‌ كوردستانمان كردووه‌


وێستگه‌نیوز - پشتیوان جه‌مال

كونسوڵی‌ گشتی‌ كۆماری‌ چیك له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ كاتی‌ دروستبوونی‌ شه‌ڕی‌ داعش، له‌ بواری‌ سه‌ربازیدا هاوكاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كردووه‌ و ده‌یانه‌وێت بۆ دوای‌ داعشیش له‌ هاوكاریكردنی‌ كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن.

ئیڤا دارده‌كا كونسوڵی‌ گشتی‌ كۆماری‌ چیك له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌تدا بۆ وێستگه‌نیوز رایگه‌یاند كه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كۆماری‌ چیك و هه‌رێمی‌ كوردستان زۆر باشه‌.

ئیڤا دارده‌كا وتی‌: "له‌ سه‌ره‌تای‌ هاتنی‌ شه‌ڕی‌ داعش، چیك هاوكاری‌ سه‌ربازی‌ كوردستانی‌ كردووه‌، به‌ڵام بۆمان ده‌ركه‌وت جگه‌ له‌ بواری‌ سه‌ربازی‌، ده‌توانین له‌ بواری‌ دیكه‌ش هاوكاری‌ كوردستان بكه‌ین له‌وانه‌  كشتوكاڵ و ته‌كنه‌لۆجیا".

وتیشی‌: "له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كوردستان له‌ڕووی‌ ئابوورییه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ له‌باره‌ بۆ كاركردن، مه‌به‌ستمانه‌ دوای‌ شه‌ڕی‌ داعشیش له‌ هاوكاری‌ كوردستان به‌رده‌وام بین".

لێدوانی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی‌ كۆماری‌ چیك له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ سێ ساڵی‌ رابردوودا و به‌هۆی‌ دروستبوونی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ وڵاتان به‌ چه‌ك و پێداویستی‌ سه‌ربازی‌ هاوكاری‌ كوردستانیان كردووه‌.



PM:11:11:29/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 5107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو