به‌ڵێنده‌رانی سلێمانی هیوایان به پاره‌كه‌ی حكومه‌ت كه‌مه
وێستگه نیوز ـ پشتیوان جه‌مال
سه‌رۆكی لقی سلێمانی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان هیوای كه‌مه به‌و پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بۆ به‌ڵێنده‌ران ته‌رخانكراوه و ده‌ڵێت، هیچ كاریگه‌رییه‌كی بۆ بوژاندنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان نابێت.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریداوه به ته‌رخانكردنی بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ به‌ڵێنده‌ران به‌مه‌به‌ستی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كانیان، له‌و پاره‌یه‌ش رێژه‌ی 43%ی بۆ سلێمانی، 34%ی بۆ هه‌ولێر و 23%ی بۆ پارێزگای دهۆك ده‌بێت.
ناجی عیززه‌دین، سه‌رۆكی لقی سلێمانی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان به وێستگه نیوزی راگه‌یاند: بڕیار وایه له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه لیژنه‌یه‌ك بۆ شێوازی دابه‌شكردنی پاره‌كه دروست بكرێت، به‌ڵام پێیوایه ئه‌و رێژه‌یه‌ی بۆ پارێزگای سلێمانی ته‌رخانكراوه زۆر كه‌مه.
وتیشی: "نزیكه‌ی دوو هه‌زار پڕۆژه وه‌ستاون، ئه‌و پاره‌یه‌شی بۆ سلێمانی دانراوه بۆ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك نزیكه‌ی دوو ملیۆن دیناری به‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وه‌ش زۆر كه‌مه و هیچ كاریگه‌رییه‌كی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان نابێت، به‌ڵام هیوایه‌كه تا دۆخه‌كه باشتر ده‌بێت".
به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعشه‌وه، له سێ ساڵی رابردووه‌وه حكومه‌ت نه‌یتوانی هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت خه‌رج بكات و به‌و هۆیه‌شه‌وه پڕۆژه‌كان وه‌ستان.
PM:03:36:30/03/2017
ئه‌م بابه‌ته 2337
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت