ئێران باڵیۆزی‌ خۆی‌ له‌ عیراق ده‌گۆڕێَت


وێستگه‌ نیوز ـ پشتیوان جه‌مال
وا بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا ئیره‌جی‌ مه‌سجدی‌ باڵیۆزی‌ نوێی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ عیراق ده‌ستبه‌كار بێت، به‌رپرسێكی‌ كوردیش پێیوایه‌ دانانی‌ مه‌سجدی‌، درێژه‌پێده‌ری‌ هه‌مان سیاسه‌تی‌ پێشووی‌ ئێرانه‌ له‌ عیراق.


له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران بڕیاریداوه‌ به‌ گۆڕینی‌ حه‌سه‌ن دانایی‌ فه‌ڕ، باڵیۆزی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ عیراق و له‌ شوێنیدا ئیره‌جی مه‌سجدی‌ داناوه‌، به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ وێستگه‌ نیوزیش، وا بڕیاره‌ به‌نزیكانه‌ مه‌سجدی‌ ده‌ستبه‌كار بێت.

نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند: هۆكارێَكی‌ گۆڕانكارییه‌كه‌ رۆتینه‌، چونكه‌ هه‌ر باڵیۆزێك دوای‌ چوار ساڵ‌ كاركردن له‌ هه‌ر وڵاتێَك، قابیلی‌ گۆڕینه‌.

ناوبراو وتی‌: "بۆ دانانی‌ مه‌سجدی‌ پێموایه‌ درێژدانه‌ به‌ سیاسه‌تی‌ پێشووی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران و باڵیۆزی‌ پێشوو له‌ عیراق، هه‌روه‌ها مه‌سجدی‌ به‌درێژایی‌ ساڵانی‌ رابردوو په‌یوه‌ندییه‌كی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ كورد و عیراقییه‌كاندا له‌ یه‌ك ئاستدا هه‌یه‌".

ده‌باغ وتیشی‌: "پێموایه‌ ئێران له‌م گۆڕینه‌دا باشتریان له‌ جێگه‌ی‌ باشتر داناوه‌ و پێشبینی‌ ده‌كه‌م مه‌سجدی‌ رۆڵی‌ باشتری‌ ببێت له‌ هاوكاریكردنی‌ ئێَران له‌گه‌ڵ عیراق و كوردستانیش".


PM:08:53:15/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 3288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت