عیراق نامەیەکی ناڕەزایی دایە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا


وێستگە نیوز -

بەهۆی لێدوانەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی حەشدی شەعبییەوە وەزارەتی دەرەوەی عیراق نامەیەکی ناڕەزایی دایە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق بڕیاریدا باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا بانگهێشتی بكات و یاداشتنانه‌یه‌كی ناڕه‌زایی فه‌رمیی پێشكه‌ش بكات سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ حه‌شدی شه‌عبیی هێزی شیعه‌كان دابووی.

ئه‌حمه‌د جه‌مال، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بچڕبچڕدا ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی راگه‌یاند كه‌ به‌نیازه‌ بیداته‌ باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا.

پێشتر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا حه‌شدی شه‌عبی به‌ "رێكخراوێكی تیرۆرستی" وه‌سفكردبوو، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیشی تۆمه‌تبار كردبوو به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ناو چوار وڵاتی ناوچه‌كه‌دا ته‌راتێن بكات و "هێزێكی فارسی"ی تێدا دروست بكات.

ئه‌ردۆغان وتبووی: "ئێران سیاسه‌تی په‌لكێشان و فراوانكردن په‌یڕه‌و و ده‌كات و بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عیراق ده‌یكات ئازارمان ده‌دات، حه‌شدی شه‌عبی كێیه‌ و كێ پشتیوانییان ده‌كات؟ په‌رله‌مانی عیراق پشتگیرییان ده‌كات، به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی به‌راشكاوی رێكخراوێكی تیرۆرستییه‌ و ده‌بێت بزانرێت كێیان له‌پشته‌".


PM:03:43:20/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 3565 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت