‌ئاڵا تاڵه‌بانی‌ په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌ت ده‌كات
AM:08:34:21/04/2017

وێستگه‌ نیوز –
سه‌ركرده‌یه‌كی‌ یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ی‌ له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات و تكا له‌ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌كات بۆ دروستكردنی كۆمیته‌و كۆمسیۆنی ریفراندۆم نه‌چنه‌ هه‌ولێر و ده‌ڵێت: "بچن كۆمیته‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت دروست بكه‌ن".

ئاڵا تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ په‌یامێكدا بۆئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی سیاسی و تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم، رایگه‌یاند كه‌ "له‌ به‌غداد له‌ نوسینگه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان خۆشحاڵ بووم به‌ پێشوازیكردن و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ل نوێنه‌ری رێكخراوی كورته‌باڵاكانی كوردستان و له‌نزیكه‌وه‌ گوێمان له‌ داوا و كێشه‌كانیان گرت".

ئاڵا تاڵه‌بانی‌ نووسیویه‌تی‌: "خاوه‌ن پێداویسته‌ تایبه‌ته‌كانی كوردستان به‌ته‌نها (150 هه‌زار) دیناری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رازی بوون به‌ كوله‌مه‌رگیش بێت ژیانیان ده‌گوزه‌ران، به‌ڵام ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ی كه‌ ده‌نگیان پێدا نه‌ك به‌ڵێنه‌كانی بۆ جێبه‌جێ نه‌كردن، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسی و داراییه‌ی كه‌ به‌هۆی ناشه‌فافیه‌تی نه‌وته‌وه‌ توشی هه‌رێمیان كردووه‌، ئه‌وه‌تا هاوكاری مانگانه‌ی ئه‌م توێژه‌یان بۆ ( 60 هه‌زار) كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ ، له‌ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌نها چوار مووچه‌یان پێدراوه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كانی یه‌كیتی نیشتیمانیی ، كاتێك جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌گشتی و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی به‌تایبه‌تی ده‌نگیان به‌لیستی یه‌كێتیدا له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، كۆمه‌ڵێ به‌ڵێنی زۆرمان به‌و چینه‌ و كه‌سوكاری شه‌هیدان و كه‌م ئه‌ندامانی سه‌نگه‌ر و پێشمه‌رگه‌ ...هتد دابوو ، كه‌ چووینه‌ سه‌ر كورسی حكوم بۆیان جێبه‌به‌جێ بكه‌ین ژیانیان خۆش گوزه‌رانتر بكه‌ین و كه‌رامه‌تیان بپارێزین. تاكه‌ی بێده‌نگده‌بن به‌رامبه‌ر ئه‌م ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌؟!".

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ده‌پرسێت: "ئاخر خێزانێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت چۆن ده‌توانێ ساڵیك به‌ته‌نها چوار مووچه‌ی ( ٦٠ هه‌زاری) حكومه‌ته‌كه‌ی گوزه‌ران بكات ؟! به‌به‌رچاوی ئێوه‌ش نه‌وت هه‌نارده‌ ئه‌كرێ ، ئه‌فرۆشرێ، به‌ڵام كه‌س بۆی نیه‌ بزانێ داهاته‌كه‌ی چی لی دێت !وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بۆ به‌رێزتان و ئه‌و سوێنده‌ی به‌جێ ئه‌هێنن كه‌له‌كاتی وه‌رگرتنی پۆسته‌كانتاندا خواردبووتان؟!".

ئاڵا تاڵه‌بانی‌ كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تییه‌ بۆ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی،  ئه‌وه‌ی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "زۆربه‌تان چونه‌ شاخ و چه‌كی مه‌ردایه‌تیتان كرده‌شان، چونكه‌ ناعه‌داله‌تیتان پێ قبووڵ نه‌بوو، بۆ دیفاعكردن له‌ زوڵملێكراو و لێقه‌وماوانی ئه‌م میله‌ته‌ خه‌باتتان كرد، له‌ خه‌باتی په‌رله‌مانی و حكومه‌تیش یه‌كێتی و جه‌نابی مام جه‌لال خاونی پرۆژه‌، به‌رنامه‌ و دروشمی خزمه‌تكردنی چین و توێژی هه‌ژارو خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بوه‌، هه‌میشه‌ جه‌نابتان به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پاریزگاكان ئه‌نوسن".

ده‌شڵێت: "تكاتان لێده‌كم مه‌چنه‌ هه‌ولێر بۆ دروستكردنی كۆمیته‌ و كۆمسیۆنی ریفراندۆم ... بچن كۆمیته‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت دروست بكه‌ن. بچن بۆ هه‌ولێر ، كۆمیته‌ی لیژنه‌ی ماف و موچه‌ و ئیستحقاقی ئه‌وخه‌ڵكه‌ پێك بهێنن كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ماڵ و پاره‌و شه‌ونخونی خۆیان خۆیان كار بۆ سه‌رخستنی یه‌كێتی ئه‌كه‌ن و ده‌نگمان پێ ده‌ده‌ن !!!.".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "رێكخراوه‌كانی خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان... مامۆستایان ، فه‌رمانبه‌ران ،،، هتد. له‌بێ ئومێدیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و له‌ به‌ر قورسی باری ژیانیان و نه‌بوونی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌تا په‌نایان ئه‌هێننه‌ به‌ر به‌غداد !!! هیوادارم وه‌كو ئێمه‌ی په‌رله‌مانتاران، له‌ میدیاكان و كۆبونه‌وه‌كان به‌مانیش نه‌ڵێن ( عیراقی) و جاشی نازانم كێ ؟!".




ئه‌م بابه‌ته 11617 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.