ئه‌ردۆغان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عیراقی توڕه‌ كرد


وێستگه‌ نیوزـ


بە تیرۆریست ناوبردنی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری‌ تورکیاوە، تورکمانە شیعەکانی‌ عیراق نیگەران دەکات، کوردەکانیش داوای‌ سنوردانان بۆ ئەردۆغان دەکەن لەبەرامبەر دەستوەردانی‌ لە کاروباری‌ ناوخۆیی‌ کەرکوک.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری‌ تورکیا ، لە میانی‌ چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی‌ جەزیرەی‌ قەتەری‌ رایگەیاند کە بەڵێنی‌ داگرتنی‌ ئاڵای‌ کوردستانیان لەسەر بینای‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک پێدراوە ، بێ‌ ئەوەی‌ ئاماژە بەو کەس و لایەنانە بکات کە بەڵێنەکەیان پێداوە.

لای‌ خۆیەوە ئەحمەد عەسکەری‌ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک، هەر جۆرە هەوڵێکی‌ بۆ داگرتنی‌ ئاڵای‌ کوردستان رەتکردەوە، بەدەنگی‌ ئەمەریکای‌ راگەیاند"قسەکانی‌ ئەردۆغان دەستوەردانە لە کاروباری‌ ناوخۆی‌ عیراق و دەبێت بەتوندترین شێوە وەڵام بدرێتەوە ."

وتیشی‌: "گەر ئەمرۆ ئەردۆغان دەست بخاتە نێو کارواری‌ کەرکوک، دوو سبەی‌ لە کاروباری‌ بەغدا و بەسرەش دەست وەردەدات."

لێدوانەکەی‌ ئەردۆغان بۆ داگرتنی‌ ئاڵای‌ کوردستان لە کەرکوک، لەکاتێکدایە پێشتر تورکمانە سوننەکانی‌ کەرکوک خۆپیشاندانێکیان دژی‌ هەڵکردنی‌ ئاڵای‌ کوردستان ئەنجامدا، بەڵام تورکمانە شیعەکان کە ژمارەیان زیاترە سەرباری‌ نارازیبوونیان، هەڵوێستی‌ کرداریان نەبووە.

لەبەشێکی‌ تری‌ قسەکانیدا بۆ کەناڵی‌ جەزیرە، سەرۆک کۆماری‌ تورکیا هێزەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ بە جێبەجێکاری‌ پلانەکانی‌ ئێران وەسفکرد و وتی‌" حەشد هێزێکی‌ تیرۆرستیە "، ئەوەش لەکاتێکدایە زۆربەی‌ تورکمانە شیعەکانی‌ دەوروبەری‌ کەرکوک و خورماتو و دیالە بونەتە بەشێک لەحەشد.

نازم کەهیە، سەرۆکی‌ پارتی‌ دیموکراتی‌ تورکمانی‌ سەربەخۆ کە خۆی‌ کەسێکی‌ شیعە مەزهەبە، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"لێدوانەکەی‌ ئەردۆغان تورکمانە شیعەکانی‌ تەواو توڕە کردووە، چونکە ئەوان زۆربەیان حەشدی‌ شەعبین ."

وتیشی‌"تورکمانە سونەکان خۆیان بەستوە بە تورکیاوە، بەڵام تورکمانە شیعەکان کە 60%ی‌ کۆی‌ تورکمانه‌کانی‌ عیراق پێکدەهێنن، مەزهەب زاڵترە بەسەریاندا و ئینتیمایان بۆ حکومەتی‌ عیراقی‌ هەیە."

ئاڵای‌ کوردستان تائێستا بەفەرمی‌ لەسەر بینای‌ پارێزگا و ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک هەڵکراوە، بەوتەی‌ بەرپرسانی‌ شارەکەش ئاڵا لەسەر 63 فەرمانگەی‌ تری‌ حکومی‌ هەڵدەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی‌ بۆ نەنراوە.


PM:05:04:21/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 3905 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت