هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا ده‌ستیپێكرد


وێستگه‌ نیوز ـ
هه‌ڵبژاردنی خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا ده‌ستیپێكرد و 11 کاندید کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستەکە دەکەن.


لەژێر بارودۆخێکی ئەمنی تونددا ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی نیسانی 2017، نزیکەی 47 ملیۆن دەنگدەر روو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ فەرەنسا.

کاتژمێر 8ی بەیانی بە کاتی فەرەنسا، نزیکەی 67 هەزار بنکەی دەنگدان لە فەرەنسادا بەڕووی دەنگدەراندا کرانه‌وه‌، بە مەبەستی پاراستنی باری ئەمنیش حکومەتی ئەو وڵاتە 50 هەزار پۆلیس و حەوت هەزار سەربازی لە وڵاتەکەدا بڵاوکردووەتەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا 11 کاندید کێبڕکێ دەکەن و ئەو دوو کاندیدەی‌ لە خولی یەکەمدا زۆرترین دەنگ  بەدەست دەهێنن دەچنە خولی‌ دووەم کە رۆژی 7ی ئایاری ئەمساڵ ئەنجامدەدرێت، دواتر یەکێکیان دەبێتە سەرۆک کۆمار.

بەپێی راپرسییەکان لەناو ئەو 11 کاندیدەی کە بەشداری لە خولی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن چوار کاندیدیان بەهێزن و دەتوانن زۆرترین رێژەی دەنگەکان بەدەست بهێنن کە لە هەریەکە لە ئێمانوێل ماکرۆن کاندیدی‌ پارتی‌ ئۆن مارش، مارین لۆ پێن کاندیدی‌ پارتی‌ بەرەی‌ نیشتمانی‌، ژۆن لوک مێلانشۆ کاندیدی‌ پارتی‌ چەپ و فرۆنسوا فییۆ کاندیدی‌ پارتی‌ کۆمارییەکان پێکهاتوون.

هەر بەپێی راپرسییەکان لە نێو ئەو چوار کاندیدە بەهێزە، دوو کاندیدیان بەهێزترینن و چاوەڕوان دەکرێت ببن بەو دوو کاندیدەی‌ لە خولی‌ دووەمدا کێبڕکێ لەسەر پۆستی‌ سەرۆک کۆماری‌ فەرەنسا بکەن کە ئەوانیش لە ئێمانوێل ماکرۆن و مارین لۆ پێن پێکهاتوون.


AM:09:22:23/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 2673 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو