هێمن هەورامی: ئایندەی هەرێم پەیوەستە بە ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
هێمن هەورامی راوێژکاری سیاسی بارزانی رایگەیاند، ئایندەی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە هێمن هەورامی، لە پاناڵێکدا بە ناونیشانی (خوێندنەوەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دوای نەمانی داعش) رایگەیاند، ئەوەی کە هەرێمی کوردستان رەچاوی دەکات، پاراستن و مانەوە و بەرەوپێشچوونی هەرێمەکەیە لەناو ناوچەیەکی وەها شڵەقاودا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

هێمن هەورامی وتیشی: "ئایندەی کوردستان پەیوەستە بەو ئایندە نائارامەی ناوچەکەوە کە خوڵقێندراوە، چونکە کێشەکان لە ئێستادا تەنها پەیوەست نین بە دەوڵەتەکانەوە، تەنانەت کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتان کاریگەرییان لەسەر کۆی ناوچەکە دەبێت".

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەو دەوڵەتە شکسخواردنانەی ناوچەکە لە باتی ئەوەی رۆڵیان هەبێت لە چارەسەری، بە پێچەوانەوە خۆیان بەشێکن لە شکست بۆ ناوچەکە و وتیشی: "گەر داعشیش لەناو ببرێت، گروپێکی دیکە لەدایک دەبێت، بۆیە پێویستە کار لەسەر جۆرییەتی گۆڕانکاری سایکۆلۆژی حوکمڕانانی ناوچەکە بکرێت".

وتەکانی هێمن هەورامی، لە چوارچێوەی یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانکۆی دهۆکدا هاتن کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی بێشکچییەوە بۆ لێکۆڵینەوەی مرۆڤایەتی سازکراوە.


PM:01:20:23/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 3945 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت