كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی له‌ پیرمام كۆتایی هات


وێستگه‌ نیوز ـ
كۆبوونه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ هاوینه‌هه‌واری پیرمام كۆتایی هات و به‌رپرسێكی پارتیش زانیاری له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی بە ميدياي رووداوي راگەیاند: "شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بە ئێمەیان وت، پرسی ریفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەیەکەوە نابەستنەوە و ئەمە دووشتی جیاوازن و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە".

وتەبێژی پارتی هەروەها وتی: "بەمزووانە کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت بۆ دروستکردنی کۆمیتەی ریفراندۆم، ئامادەیی و توانای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وا دەکات بڕیار لەبارەی رۆژی گشتپرسییەوە بدرێت".

رۆژی یەکشەممە 23-4-2017 هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش بابەتی راثرسي بوو.

شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی بارزانی پێکهاتبوون لە فازڵ میرانی ، رۆژ نووری شاوەیس ، هۆشیار زێباری ، مەحموود محەممەد ، مەسروور بارزانی و ئازاد بەرواری.

شاندەکەی یەکێتی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ پێکهاتبوون لە مەلا بەختیار ، حاکم قادر ، عومەر فەتاح ، ئاسۆ مامەند و رزگار عەلی.

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە راگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە و پێویستە ئامادەكاری هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بەئەنجامدانی ریفراندۆمیشەوە. ئەم بابەتە بابەتێكی نیشتمانیە و لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە.

لەڕاگەیەندراوەکەیاندا دەشڵێن: "هەردوولا كۆكن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی سنوری ئیداریی هەرێمی كوردستان".

هەفتەی‌ رابردووش مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبونەوە و بڕیاریاندا کۆمیتەیەکی هاوبەش بە بەشداری سەرجەم هێزو لایەنەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی‌ ڕیفراندۆم پێکبهێنرێت.

لەماوەی رابردوودا شاندی‌ هاوبەشی‌ یەکێتی‌ و پارتی سەردانی‌ یەکگرتووی‌ ئیسلامی‌ و کۆمەڵ و حزبی‌ شیوعی و بزووتنەوەی‌ ئیسلامی‌ و حزبی‌ سیۆسیالیت و تورکمان و مەسیحیەکانیان کرد و تاوتوێی‌ پرسی‌ ڕیفراندۆمیان کرد، بزووتنەوەی گۆڕانیش ڕەتیکردەوە لەگەڵ شاندەکەدا کۆببێتەوە و گۆڕان ڕایگەیاند "ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێویست بە کۆبوونەوەی حزبی ناکات".

هەروەها شاندی‌ پارتی‌ و یەکێتی‌ سەردانی‌ شاری‌ بەغدایان کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی‌ حکومەتی‌ عیراقیدا کۆبوونەوە و باسی بابەتی‌ ڕیفراندۆمیان کرد و دواتریش شاندە هاوبەشەکەی‌ یەکێتی‌ و پارتی‌ لەگەڵ کونسوڵخانەی‌ چەندین وڵات لە شاری‌ هەولێر کۆبوونەوە بە مەبەستی‌ گفتوگۆکردن لەبارەی‌ ئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆمەوە.


PM:02:26:23/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 6817 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو