هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات چوونه‌ ناو ته‌بقه‌


وێستگه‌ نیوز –
 هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات توانییان بچنه‌ شاری‌ ته‌بقه‌ی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ ره‌قه‌ له‌ باكووری‌ سوریا كه‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌ داعشه‌ له‌ سوریا.

رامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ رێكخراوی‌ روانگه‌ی‌ سوری‌ بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ به‌ ئاژانسی‌ فرانس پرێسی‌ وت: "ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ بۆ یه‌كه‌مجار هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات چوونه‌ ناوشاری‌ ته‌بقه‌ كه‌ له‌ هه‌موولایه‌كه‌وه‌ چوارده‌وری‌ داوه‌".

وتیشی‌: "هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات توانیویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندین ناوچه‌ی‌ به‌شی‌ باشووری‌ شاره‌كه‌دا بگرن و له‌ به‌ری‌ رۆژئاواوه‌ پێشڕه‌وی‌ بكه‌ن".

لای‌ خۆیه‌وه‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات له‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ ئینته‌رنێت جه‌ختی‌ له‌ پێشڕه‌وی‌ هێزه‌كانی‌ له‌ باكوور و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات و باشووری‌ شاره‌كه‌ كرده‌وه‌.

ته‌بقه‌ نزیكه‌ی‌ 55 كیلۆمه‌تر له‌ رۆژئاوای‌ شاری‌ ره‌قه‌ مۆڵگه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ داعشه‌ له‌ سوریا و شه‌ڕی‌ ته‌بقه‌ به‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی‌ "توڕه‌یی فوڕات" داده‌نرێت كه‌ له‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ رابردوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات ده‌ستی‌ پێكرد.

هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات له‌ شه‌ڕڤانانی‌ كورد و عه‌ره‌ب پێكدێت و له‌ رۆژهه‌ڵات و باكووری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ سوریا چالاكه‌ و له‌ 2015 دامه‌زراوه‌ و وه‌ك رایگه‌یاندووه‌ ئامانجی‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ یه‌كگرتووه‌ بۆ وه‌ده‌رنانی‌ داعش له‌ ناوچه‌ی‌ جه‌زیره‌ی‌ سوریا و بنیاتنانی‌ سوریایه‌كی‌ دیموكراتی‌ عه‌لمانی‌.


PM:09:16:24/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 4649 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت