ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌: شنگال واقیعێكه‌ و پێویسته‌ قبوڵ بكرێت

‌شیلان شاكر، هاوسه‌رۆكی‌ ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردستان

وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال

هاوسه‌رۆكی‌ ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، توركیا به‌ له‌ناوبردنی‌ رێكخراوی‌ داعش ته‌نگاو بووه‌ و ئاشكراشی‌ ده‌كات كه‌ ئیداره‌ی‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ شنگال واقیعێكه‌ و پێویسته‌ قبوڵ بكرێت.

به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25ی نیسانی 2017،  فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا به‌مه‌به‌ستی به‌ئامانجكردنی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ چه‌ند شوێنێكیان له‌ چیای شنگال بۆردوومان كرد، به‌هۆیه‌وه‌ پێنج پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانێك شه‌هید بوون، نۆ پێشمه‌رگه‌ و پێنج شه‌ڕڤانیش برینداربوون، پاشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆش ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ ئیدانه‌كردنی‌ بۆردومانه‌كه‌، خۆپیشاندانێكیان له‌ شه‌قامی‌ سالم له‌ شاری‌ سلێمانی‌ رێكخست.

شیلان شاكر، هاوسه‌رۆكی‌ ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "ده‌وڵه‌تی‌ توركیا له‌وپه‌ڕی‌ لاوازی‌ و ته‌نگاویدایه‌، چونكه‌ داعش به‌رهه‌می‌ ده‌ست و زهنیه‌تی‌ تورك بوو بۆ له‌ناوبردنی‌ ئیراده‌ی‌ گه‌لی‌ كورد، به‌ڵام توركیا و داعش به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن".

شیلان شاكر وتیشی‌ "بونیادنانی‌ سیستمی‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ له‌ شنگال، توركیا و هاوكارانی‌ هه‌زمی‌ ناكه‌ن، تورك به‌ له‌ناوبردنی‌ داعش ته‌نگاو بووه‌، هاوكارانی‌ تورك به‌تایبه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رێگه‌خۆشكه‌رن بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ كرایه‌ سه‌ر گه‌لی‌ كورد له‌ شنگال".

هاوسه‌رۆكی‌ ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ هه‌ڵوێستی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێنج فراكیسیۆنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كرد بۆ ئیدانه‌كردنی‌ بۆردومانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆ و وتی‌ "ده‌بێت لایه‌نه‌كان و فراكیسیۆنه‌كان پاڵپشتی‌ زیاتر بن و هه‌ڵوێستیشیان له‌سه‌ر كاغه‌ز نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌مڕۆ رۆژی‌ یه‌كیتی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌".

به‌وته‌ی شیلان شاكر، "شنگال واقیعێكه‌ و پێویسته‌ قبوڵ بكرێت، ئیداره‌ی‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری‌ شنگال و هێزی‌ پاراستنی‌ شنگال كه‌ گه‌لی‌ ئیزیدی‌ خۆی‌ بنیادی‌ ناوه‌، ناچارییه‌كه‌ و پێویسته‌ قبوڵ بكرێت، هه‌ربۆیه‌ هه‌نگاونان بۆ دواوه‌ مه‌حاڵه‌".


PM:07:49:25/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 5109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو