داعش به "فێڵ" ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی له موسڵ كوشت
شەقامێکی بەری راستی موسڵ
وێستگه نیوز – رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به داعش له شاری موسڵ فێڵی له دانیشتوانی ناوچه‌یه‌كی موسڵی كۆن كرد و 15 هاوڵاتی لێكوشتن.
فه‌رمانده‌یی پرۆسه هاوبه‌شه‌كان له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی: "رۆژی دووشه‌ممه چه‌كدارانی داعش له ناوچه‌یه‌كی موسڵی كۆن تاوانێكی قێزه‌ونیان ئه‌نجامدا و چه‌كداره‌كانیان جلوبه‌رگی پۆلیسی فیدڕاڵییان له‌به‌ركرد، هاوڵاتیانیش دڵخۆشی خۆیان به بینییان ده‌ربڕبوه و به هه‌لهه‌له و وتنه‌وه‌ی دروشم پێشوازییان لێكردوون".
فه‌رمانده‌یی پرۆسه هاوبه‌شه‌كان وتیشی: "له كاردانه‌وه‌ی پێشوازی هاوڵاتیان، چه‌كدارانی داعش ده‌ستیان كردووه به ته‌قه‌كردن لێیان و ژماره‌یه‌ك ژن و منداڵیان كوشتووه".
ئاژانسی فرانس پرێس له زاری حوسامه‌دین ئه‌لعبار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بڵاویكرده‌وه كه "چه‌كدارانی داعش بۆ سزادانی هاوڵاتیان شێوازی جیاواز په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌ك چه‌كداریان جلوبه‌رگی پۆلیسی فیدراڵییان له‌به‌ركردووه و چوونه‌ته ناوچه‌ی مه‌یدان و كۆرنیش له موسڵی كۆن بۆ ئه‌وه‌ی وا له هاوڵاتیان بگه‌یه‌نن كه هێزی ئه‌منی عیراقیین و بۆ ئازادكردنیان هاتوون".
وتیشی: "هاوڵاتیانیش پێشوازییان لێكردوون، دواتر چه‌كداره‌كان ژماره‌یه‌ك هاوڵاتییان ده‌ستگیركردووه و ژماره‌یه‌كی تری دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان كوشتووه كه به 15 هاوڵاتی مه‌زه‌نده ده‌كرێن".
PM:11:02:25/04/2017
ئه‌م بابه‌ته 11545
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت