پۆلیسی هه‌ولێر پیاوێكی ده‌ستگیر كرد كه‌ له‌شفرۆشی به‌ ژنه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كرد


وێستگه‌ نیوز ـ
پۆلیسی هەولێر باندێكی لەشفرۆشی لە یەكێك لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون دەستگیر دەكات كە سەرۆكی باندەكە ژنێكی دانیشتووی دهۆكە و ماوەیەكی كەمە هاتووەتە هەولێر.


ئەو ژنە دەڵێت، لێرە شووی بە گەنجێك كردووە كە پێكەوە ئەو كارە دەكەن و رۆژانە چەند كچێك بۆ ئەو كارە بەكاردێنن. بەڵام هیچ گرێبەستێكی هاوسه‌ری لە نێوان ئەو كوڕە و ئەو ژنەدا نییە.

(ب، م) تەمەن 38 ساڵ و خەڵكی شاری دهۆك، 10 ساڵ لەمەوبەر لە هاوژینەكەی جیابووەتەوە، دواتر بە مەبەستی كاركردن لە كۆمپانیایەك دەچێتە شاری هەولێر، (ب) لە كۆمپانیاكە كارگوزار بووە، بەڵام دوای ماوەیەك وازی لە كارەكەی هێناوە و رووی لە كاری لەشفرۆشی كردووە.

ئەو ژنە بە وتەی خۆی خاوەنی شەش منداڵە كە گەورەكەیان تەمەنی 12 ساڵانە و بچووكترینیشیان تەمەنی شەش ساڵە، ئێستا منداڵەكانی لەلای كوڕە پوورێكی داناون و ئەو بەخێویان دەكات، لەبەرامبەردا (ب) مانگانە بڕێك پارەی دەداتێ‌.

(ب) باسی ژیانی خۆی كرد و وتی: "هاوسه‌رەكەم چێشتلێنەر بوو، زۆر هەژار بووین، بەیەكەوە نەدەگونجاین بۆیە بڕیارماندا لە یەكدی جیا ببینەوە. من هاتم بۆ هەولێر بۆ كاركردن، چونكە منداڵەكان لای خۆمن، سەرەتا لە كۆمپانیایەك كارگوزاریم دەكرد، بەڵام پارەكەی كەم بوو، بۆیە وازم هێنا".

(ب) بەر لەوەی واز لە كارەكەی بهێنێ‌، هەر لە رێگەی كارەكەیەوە كوڕێك دەناسێ‌ت كە ئەو بە "هاوسه‌ر"ی خۆی ناوی دەبات. (ب) وتی: "هاوسه‌ره‌كه‌م فێری لەشفرۆشی كردم، پێكەوە لە خانوویەكی كرێدا لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر لەگەڵ چەند ئافرەتێكی دیكە ئەو كارەمان دەكرد".

(ب) لە ترسی سزادان نەیدەزانی چۆن وشەكانی بڵێت، جارێك دەیوت 15 رۆژە كاری لەشفرۆشی دەكەم، جارێكیش دەیوت 10 ساڵ لەمەوبەر و لەو كاتەی لە هاوسه‌ری یەكەمی جیابووەتەوە، بووەتە لەشفرۆش.

بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق، لەشفرۆشی رێگەپێدراو نییە و هەر كەسێك لەسەر ئەو كارە دەستگیر بكرێت سزا دەدرێ‌ت. هەرچەندە لە كوردستان داواكاری هەبووە بۆ كردنەوەی شوێنی لەشفرۆشی، بەڵام لەلایەن بەشی خۆپاراستنی تەندروستی مۆڵەتی پێ نەدراوە. بۆیە باندەكانی لەشفرۆشی دوور لە مەرجەكانی تەندروستی لەنێو ماڵاندا كاری خۆیان دەكەن، بە تایبەتی لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون كە بەمدواییە دروستكراون.

(م) ئەو كوڕە گەنجە هەولێرییەی كە بەوتەی (ب) هاوسەرێتی، تەمەنی لە 20 ساڵ تێناپەڕێ و گرێبەستی هاوسه‌ریش لەنێوانیاندا نییە، دواتر دەركەوت ئەو كوڕە تەنیا كاری هێنانی ئافرەتانە، بەتایبەتی ئەوانەی هەڵدێن و هەژارن و سواڵ دەكەن، چونكە هەندێك لەوانە ناچارن ئەو كارە بكەن، تەنانەت ئەگەر بە بڕە پارەیەكی كەمیش بێت.

(م) نكۆڵی لەوە نەدەكرد كە كاری لەشفرۆشی بە (ب) و چەندین ژنی دیكە كردووە، بەڵام دەڵێت لەو كارەدا تەنیا نییە، بەڵكو لەگەڵ كەسێكی دیكە بەناوی (ئا) خەریكی هێنانی ئافرەتن بۆ ماڵەكەی تا لەوێ‌ لەشفرۆشییان پێ بكەن.

(ب) وتی: "سێ‌ ئافرەت و دوو پیاوین، رۆژانە موشتەری گەنج و پیر دێن بۆ لامان، هەر ئافرەتێك بە 40 هەزار دینار بە كرێ‌ دەدەین كە 20 هەزار دیناری بۆ ئافرەتەكە و 20 هەزار دیناریش بۆ پیاوەكانە".

(ب) ئەوەشی نەشاردەوە كە هەریەك لە ژنەكان رۆژانە زیاتر لە سێ پیاو لەگەڵیان دەبێت، هەریەكەیان بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لەگەڵیان دەمێننەوە. ئەو دەشڵێت "ئەگەر ئەمجارە رزگارم بێت، سوێند دەخۆم وازدەهێنم و چیدی كاری وا ناكەمەوە".

یەكێك لەو ژنانەی لەناو ئەو باندە بوو، خەڵكی كەركوك بوو، عەبایەكی خەلیجیی رەش و لەچكێكی رەشی لەسەر بوو، دەموچاوی رەش هەڵگەڕاوبوو، دەستی كچە ساڵ و نیوەكەی گرتبوو، هەردووكیان دەگریان، (س) تەمەنی 37 ساڵ بوو، سوێندی دەخوارد تەنیا دوو رۆژە لە رێگەی (ئا) وە (ب)ی ناسیوە كە سەرۆكی باندەكەیە.

(س) وتی ئەو بۆ سواڵكردن هاتبوو بۆ هەولێر "ئەو كوڕە پێیوتم وەرە بتبەم بۆ لای ژنێك هاوكاریت بكات". (س) بە وتەی خۆی خاوەنی كوڕێكی نەخۆشی 10 ساڵانەی لە جێگەدا كەوتووە و هەفتانە دەبێت دەرزییەكی بۆ بكڕێت كە بە 100 دۆلارە، باوكی راستەقینەی منداڵەكە نەماوە و لای زڕباوكیەتی، ئەویش دەڵێت دەبێت خۆتان بەخێوی بكەن، (س) وتی: "كاتێك هاتم دادە پێیوتم، رۆژانە چەند پیاو بێت بۆ لات ئەوەندە 20 هەزار دیناری وەردەگریت، منیش پێم بە شەرەفی خۆمدا نا و لەماوەی دوو رۆژدا 120 هەزار دینارم دەستكەوت، شەش پیاو لەگەڵم خەوتوون كە زیاتریان گەنج بوون".

هەرچەندە (م) دەڵێت ئەوان سێ‌ ئافرەت و دوو كوڕن ئەو كارە دەكەن، بەڵام (س) ژمارەی ئەو ئافرەتانەی ئاشكرا كرد كە لە ماوەی ئەو دوو رۆژەی ئەو لەوێ‌ بووە، بۆ لەشفرۆشی هاتوونەتە ماڵەكە "لەماوەی ئەو دوو رۆژە حەوت كچم بینی لەو ماڵەدا، دوو لە كچەكان خەڵكی دهۆك بوون و پێنجیشیان عەرەب و ئێرانی بوون". وتیشی: "لەكاتی دەستگیركردنمان ئەو كچانە بۆ كاركردن چووبوونە دەرەوە".

رائید هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی باندەكەوە وتی: "لە ئەنجامی چاودێری و بەدواداچوونی پۆلیسی رێككاری و زێرەڤانی، بۆمان دەركەوت لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبوون لە هەولێر، ژنێك لەگەڵ دوو گەنج و چەند كچێك خەریكی كاری لەشفرۆشین، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی قایمقامی ناوەندی هەولێر، توانیمان دەستگیریان بكەین و بەپێی ماددەكانی 2 و 3 و 4ـی لەشفرۆشی پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەرین بۆ سزادانیان".

س. رووداو


AM:09:53:27/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 86395 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو