"ئه‌وانه‌ی فرمێسكی تیمساحییان بۆ سه‌روه‌ری عیراق ده‌ڕشت خۆیان له‌ تاوانه‌كه‌ی توركیا گێل كردووه‌"

‌ژمارەیەک ئەندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی

وێستگه‌ نیوز -
فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وانه‌ی تا دوێنی فرمێسكی تیمساحییان بۆ سه‌روه‌ری خاكی عیراق هه‌ڵده‌ڕشت، ئه‌مڕۆ یان خۆیان له‌ تاوانه‌كه‌ی توركیا گێل كردووه‌، یاخود پاساوی بۆ ده‌هێننه‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی‌ كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ "له‌ كاتێكدا رێكخراوی تیرۆرستی داعش به‌ره‌و نه‌مانی كۆتایی ده‌چێت و گه‌لانی عیراق به‌گشتی و گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دان دوای قوربانییه‌كانیان و بنبڕكردنی تیرۆر پشوویه‌ك بده‌ن و له‌سایه‌ی ئاشتیدا برینه‌كانیان ساڕیژ بكه‌ن و وڵاته‌كه‌یان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی رۆژی 25-4-2017 فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك، دوور له‌ رێزگرتنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پره‌نسیپه‌كانی دراوسێتی هێرشیانكرده‌ سه‌ر شه‌نگال و چیای شه‌نگال و چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤان و هاوڵاتی سڤیلیان شه‌هید و بریندار كرد و زیانی ماددی زۆریشیان به‌ ناوچه‌كه‌ گه‌یاند".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌ كه‌ "ئاشكرایه‌ ده‌وڵه‌تی تورك هه‌ر جاره‌و به‌ جۆرێك‌ گێچه‌ڵ به‌ كورد و كوردستان ده‌كات و سه‌روه‌ری خاكی عیراق ده‌به‌زێنیت و چه‌ندین جاریش ده‌ستی وه‌رداوه‌ته‌ كاروباری ناوخۆی كه‌ركوك و هه‌رێم و عیراق".

فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه‌ نه‌ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندیش وه‌كو پێویست وه‌ڵامیان بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك نه‌بووه‌ و له‌ كاتێكیشدا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ په‌له‌ و به‌شێویه‌كی ناده‌ستووری له‌ دژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك بڕیاری نابه‌جێ ده‌رده‌كات، به‌ڵام له‌ ئاست ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵكی كوردستان و عیراق ده‌كرێت، بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ئه‌وانه‌شی تا دوێنی فرمێسكی تیمساحییان بۆ سه‌روه‌ری خاكی عیراق هه‌ڵده‌ڕشت، ئه‌مڕۆ یان خۆیان له‌ تاوانه‌كه‌ گێل كردووه‌ و یاخود پاساوی بۆ ده‌هێننه‌وه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌م داواكارییانه‌ی‌ خستووه‌ته‌ڕوو:

* حكومه‌تی عیراق و هه‌رێم له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا سكاڵا له‌سه‌ر توركیا تۆمار بكه‌ن و له‌ كه‌ناڵه‌ دیپلۆماتیه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ تاوانه‌كه‌ ریسوا بكه‌ن، هاوكات وه‌كو فشارێكی ئابوری كاری كۆمپانیا توركییه‌كان له‌ هه‌رێم و له‌ عیراق هه‌ڵپسێرن، تاكو حكومه‌تی توركیا واز له‌ هه‌وڵه‌ شه‌ڕانگێزییه‌كانی ده‌هێنێت.

* ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق تاوانه‌كه‌ ئیدانه‌ بكات و وه‌كو تاوانی جه‌نگ بیناسێنێت.

* قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی زیانلێكه‌وتووانی تاوانه‌كه‌ بكرێت.


PM:06:53:27/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 3372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت