زیادكردنی باج و رێنماییه‌ نوێیه‌كان بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی سست كردووه‌


وێستگه‌ نیوزـ
ئەگەرچی قەیرانی دارایی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەبوو بەڵام دەرکردنی هەندێک رێنمایی و زیادکردنی باج تایبەت بە ئۆتۆمبێل وایکردووە کە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەرەو سستی بچێت و بازرگانانیش زیادکردنی باج و رێنماییەکانی تازەی تایبەت بەم بابەتە بە هۆکار دەزانن بە تایبەت ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەڵگری ژمارەی کاتیین.


پێشانگاکان هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکییان تێدایە و بە پێی قسەی کڕیار و فرۆشیارەکانیش، دوای ئەو بارودۆخەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە ئاستی مامەڵەی بازرگانی دابەزیووە و ئاماژەش بەوە دەکەن کە بە هۆی چەند بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی گومرگ و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ کە پەیوەندی بە زیادکردنی داهاتەوە هەیە ئەوا خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتیی کەمتربووەتەوە.

بە گشتی ئۆتۆمبێلی ناو پێشانگاکان دوو جۆرن، جۆری یەکەم هەڵگری تابلۆی یەکێک لە پارێزگاکانی عیراقن و جۆری دووەم هەڵگری ژمارەی کاتیین، واتا ئەو ئۆتۆمبێلانەی هێشتا تابلۆیان وەرنەگرتووە و پێویستە کڕیار لەسەر ئەرکی خۆی تابلۆی بۆ بکڕێت.

 ئەحمەد یوسف، خاوەن پێشانگا، لە لێداونێکی بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵو وتی: "بە گشتی ئاستی بازرگانیکردن بە ئۆتۆمبێل زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بە بەراورد بە سێ مانگ بەر لە ئێستا کە ئاستەکە دابەزیووە ئەویش بە تایبەت لە ئۆتۆمبێلی ژمارەی کاتیی چونکە پێشتر ئۆتۆمبێلێکی ژمارەی کاتی پێویست بوو لە یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت و لەم مامەڵەیەشدا بۆ نموونە نرخی تابلۆی هەولێر بە 900 دۆلار بوو بەڵام ئێستا بووەتە هەزار و 200 دۆلار، جگە لەوەش کاتێک دوو ئۆتۆمبێل ژمارەکانییان دەگۆڕییەوە ئەوا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ 50 هەزار دینارت لێ وەردەگیرا بەڵام ئێستا بووە بە 105 هەزار دینار".

ئەو خاوەن پێشانگایە ئاماژە بەوەش دەکات کە پێشتر تەنها پارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەت لێ وەردەگیرا بەڵام ئێستا پارەی ژینگە و شەقام و چەند شتێکی دیکەت لێ وەردەگیرێت و لە درێژەی قسەکانیدا ئەحمەد یوسف وتی: "پێشتر هەر پارەی تابلۆیەکەت لێ وەردەگیرا، بەڵام ئێستا سەرەڕای گرانبوونی تابلۆ، ئەوا بڕی 80 هەزار دیناریش پارەی ژینگەت لێ وەردەگیرێت، جگە لەوەش، پێشتر کاتێک ئۆتۆمبێلێک دەهاتە ناو هەرێمی کوردستان ئەوا دەبوو هەزار و 700 دۆلار بدەیتە گومرگ بۆ هێنانەژوورەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک، بەڵام لە ئێستادا ئەو پارەیە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و بڕی دوو هەزار و 300 دۆلار وەردەگیرێت".

سەرەڕای سستی بازاڕ و بازرگانیکردن بە ئۆتۆمبێل بەڵام ئەحمەد یوسف، ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی هەزار و 500 دۆلار گران بووە و وتی: "ئێستا هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی هەزار و 500 دۆلار هاتووەتە سەر نرخەکەی کە ئەمەش بە بەراورد بە سێ مانگی رابردوو، نرخەکەی بەرزبووەتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵە زۆر سستە و خەڵک کەمتر کڕین و فرۆشتن دەکات".

سەبارەت بەوەی کە ئۆتۆمبێلی کام وڵات زیاتر خواستی شۆفێرانی لەسەرە، ئەحمەد یوسف وتی: "ماوەی سێ مانگ بوو ئۆتۆمبێلی ئەمریكی هاوردەی هەرێمی کوردستان نەدەکرا بەڵام مانگی رابردوو بازرگانان دەستیان کرد بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی و بە هۆی هەرزانی نرخەکەشییەوە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی باشترە، چونکە ئۆتۆمبێلی ئەمریکی ئەوانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن زۆربەیان پێشتر لەو وڵاتانی خۆیان پێکدادانییان پێکراوە و چاک کراونەتەوە و ئەمەش وایکردووە کە نرخەکەی هەرزانتر بێت".

لەناو پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل کڕیارەکان زیاتر لە چەند جارێک سەیری ئەو ئۆتۆمبێلانە دەکەن کە خواستییان لەسەرە، بەڵام وەک کڕیارەکان دەڵێن بە هۆی زۆری نرخەکەیەوە ناتوانن ئەو سەیارەی خواستییان لەسەرە بیکڕن.

یەکێک لە کڕیارەکان پێی وایە لەبەر گرانی نرخی تابلۆ، ناتوانن ئۆتۆمبێلی تازە بکڕن و ناچارن ئۆتۆمبێلی دەستی دوو بکڕن بە هۆی ئەوەی کێشەی کڕینی تابلۆی نییە.

ئازاد حاجی یاسین، كڕیار لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتی: "پێشتر نرخی تابلۆ 800 دۆلار بوو، هاوکات قەیرانی داراییش نەبوو بۆیە بە ئاسانی هاوڵاتییان ئۆتۆمبێلی نوێیان دەکڕی و تابلۆکەشیان بۆی دەکڕی بەڵام ئێستا بە هۆی گرانی نرخی گومرگ و گرانی نرخی تابلۆ وایکردووە کە نرخی ئۆتۆمبێلی نوێ بەرزبێتەوە و کڕینی لە توانای هەموو کەسدا نییە".

ئازاد حاجی یاسین وتیشی: "ماوەی یەک هەفتە زیاترە هاتوچۆی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل دەکەم و شتێکی سەیر دەبینم، ئەویش ئەوەیە کاتێک ئۆتۆمبێل دەفرۆشم بە نرخێکی زۆر کەمتر لێم دەکڕن و ئەگەریش بمەوێت هەمان ئۆتۆمبێل بکڕمەوە ئەوا بەو نرخەی کە فرۆشتوومە ناتوانم بیکڕمەوە".

بە پێی ئامارەکانی هاتوچۆ نزیکەی یەک ملیۆن و 600 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکەمین ئۆتۆمبێل کە ساڵی 1915 لە هەولێر دەرکەوت کە سەربازە ئەڵمانییەکان هێنابوویان بۆ هەولێر و لە ساڵی 1928 یەکەمجار خولی فێرکردنی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل کرایەوە و لە ساڵی 1929 هاوڵاتیی، عەلی گاور، مۆڵەتی ژمارە 1ی وەرگرتووە.



PM:03:23:28/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 18884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت