پێشکەشکارێکی پیشووی کەناڵی فۆکس نیوز بە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دیاریکرا‎


وێستگە نیوز -
پێشکەشکارێکی پێشووی کەناڵی فۆکس نیوز بە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دیاریکرا و بووە دووەم ڕۆژنامەنوس کە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا پۆستێکی حکومی وەربگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیانامەیەکدا ڕایگەیاند هیزەر ناورت بە وتەبێژی وەزارەتەکە دیاریکراوە کە زیاتر لە ١٥ ساڵە ئەزموونی پێشکەشکاری و پەیامنێری هەیە و هەواڵ و ڕووداوە ناوخۆیی و جیهانیەکانی گواستووەتەوە لە نێویشیاندا هێرشەکانی ١١ ی سێپتێمبەری سەر ئەمریکا و جەنگی عێراق و جینۆسایدی دارفور لە سودان.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند" ئەزموونی میدیایی هیزەر بۆ پەیوەندیە دەرەکیەکانی ئەمریکا بەنرخ دەبێت کە ماوەیەکی زۆرە هیزەر  گرنگی بە بابەتە نێودەوڵەتیەکان دەدات و کارە لە پێشینەیەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە گەلی ئەمریکا و جیهان دەگەیەنێت".

هیزەر ناورت تەمەنی ٤٧ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پێشکەشکاری بەرنامەی فۆکس ئاند فرێندزی کەناڵی فۆکس نیوزبووە، هەروەها ماوەی ٢٠ ساڵ بە شێوەی پچڕپچڕ لە کەناڵی فۆکس ٥ کاریکردووە و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٧دا لە کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی کاریکردووە.

کەناڵی فۆکس نیوز نزیکە لە پارتی کۆماریەکانەوە، تا ئێستا سەرجەم ئەو هەواڵ و بەرنامانەی کەناڵەکە لەبارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە پەخشیکردوون، بە شێوەیەکی ئەرێنی باسیان لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، جگە لەوەی مێگین کێڵی پێشکەشکاری پێشووی کەناڵی فۆکس نیوز لە دیبەیتێکی کاندیدە کۆماریەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا ڕەخنەی لە ترەمپ گرت کە " لە ڕابردوودا ئەو ژنانەی کێشەی لەگەڵیاندا هەبووە بە ئاژەڵی چواندوون "، ئەوەش نیگەرانی ترەمپی بەدوای خۆیدا هێنا، دواتر کێڵی کەناڵی فۆکس نیوزی جێهێشت.


PM:02:26:29/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 4940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت