بکوژی بن لادن وردەکارییەکانی کوژرانی بن لادنی ئاشکراکرد


وێستگە نیوز -

ئەو سەربازە ئەمەریکییەی کە لە ساڵی ٢٠١١دا ئوسامە بن لادنی سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدەی کوشت وردەکاری چۆنێتی کوشتنی بن لادن دەگێڕێتەوە کە لەلایەن تیمێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکاوە لە شاری ئەبود ئابادی پاکستان جێبەجێ کرا.


 ڕۆبەرت ئۆنێلی تەمەن ٤١ ساڵ، سەربازی پێشوو لە هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی (The Operator) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەندامانی سوپا ئۆپراسیۆنێکی نهێنیان ئەنجامدا بۆ سەر کۆمەڵگەی بن لادن کە لە ٣ نهۆم پێکهاتووە.

ئۆنێل نووسیویەتی "لەکاتی سەرکەوتنمان بە پلیکانەکاندا بۆ نهۆمی سەرەوە، کتوپڕ دەست بە دەستڕێژی تەقە کرا لە نێوان ئێمە و خالدی کوڕی بن لادن، کە لە ئەنجامدا دەموچاوی پێکراو دەستبەجێ کوژرا".

ئاماژەی بەوەشکردووە "دوای سەرکەوتنی من و سەربازێکی تری هاوڕێم بۆ نهۆمی سێهەم و دەرگای ژوری بنلادنمان شکاند و دوو ئافرەتمان کوشت، چونکە لەو بڕوایەدا بووین کە خۆیان دەتەقێننەوە".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو سەربازەئەمەریکییە لە کتێبەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بینوویەتی بن لادن لە ژورێکی تاریکدا خۆی قایم کردووە، دەستبەجێ تەقەی لێکردووە و بە وتەی خۆی کەلـلەسەری کردووە بە دوو لەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد "فیشەکێکی ترم ناوە بەسەرییەوە بۆ ئەوەی دڵنیام بم لە کوشتنی بە تەواوەتی".

ئەوە لەکاتێکدایە، باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە میانی گوتاری ماڵئاوایی لەویلایەتی شیکاگۆ ستایشی ئۆپراسیۆنى کوشتنى ئوسەمە بن لادنی سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدەی کرد وبە "دەستکەوتێکی" هەردوو خولی سەرۆکایەتییەکەی لە قەڵەمیدا.

هێزێکی تایبەتی ئەمریکا لە ٢ ی ئایاری ساڵی ٢٠١١ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا هێرشیانکردە سەر ئەو شوێنەی کە بنلادن خۆی تێدا حەشار دابوو کە دەکەوێتە شاری ئەبوت ئاباد لە پاکستان، لەکاتی هێرشەکە یەکێک لەو هەلیکۆپتەرانە تێکشکا کە لەلایەن ئەو هێزە بەکار دەهات بۆ جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنەکە.

دەسەڵاتدرانی پاکستان بریاری ڕوخاندنی شوێنی نێشتەجێبوونی بنلادنیاندا دوای کوشتنی


PM:03:10:30/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 7641 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت