ئامێرەکانی کۆمپیوتەر لە ١٠٠ دەوڵەتی جیهاندا ڕووبەڕووی هێرشی ئەلکترۆنی بوونەوە


وێستگە نیوز -

لە دوێنێوە (١٢ی ئایار) بە دەیان هەزار ئامێری کۆمپیوتەر لە نزیکەی ١٠٠ دەوڵەتی جیهاندا ڕووبەڕووی هێرشێکی ئەلکترۆنی بووەتەوە، کە گومان هەیە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکاوە گەشەی پێدرابێت.

 کەرتی تەندروستی لە بەریتانیا و کۆمپانیای "فیدیکس" بۆ پۆستە لەسەر ئاستی جیهان و چەند بانکێکی ناوخۆیی ڕوسیا ڕووبەڕووی ئەو هێرشە بوونەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ئەو کەسانەی ئەو پرۆگرامەیان ڕەوانەکردووە، قوربانییەکانیان والێکردووە کە لە ڕێگەی ئیمێڵەوە بەرنامەکە بکەنەوە، کە وا بۆیان نمایشکراوە کە خستنەڕووی کار یان جۆرێک لە هۆشداری ئەمنی و چەند دۆسییەکی یاساییان تێدایە.

ئەو بەرنامانەی کە ڕەوانەکراون لەژێر ناوی بەرنامەی"ڕانسوموار" یان "بەخشیشی پیس" گەیشتوونەتە ئامێرەکان و بۆ کردنەوەی هەموو بەرنامە و داتاکانی کۆمیپۆتەرەکان داوای بڕی ٣٠٠بۆ ٦٠٠ دۆلاری کردووە، بۆ ئەوەی جارێکی تر کۆمپوتەرەکان بگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان.

توێژەرەوانی کۆمپانیای ئافاست بۆ بەرنامە و پرۆگرامی ئاسایشی نەتەوەیی ڕایانگەیاند، ٥٧ هەزار هێرشیان لە ٩٩ دەوڵەتی جیاجیای جیهان ئاشکراکردووە کە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە ئەلکترۆنییانە بوونەتەوە.

کۆمپانیای ئافاست ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکانی ڕوسیا و ئۆکرانیا و تایوان لە هەموو دەوڵەتانی تر زیاتر زیانیان پێگەیشتووە.

لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی شیخوای چین بڵاویکردەوە، خوێندنگە و زانکۆکان کاریگەری هێرشەکەیان لەسەر بووە، بێ ئەوەی ژمارەکەیان ئاشکرا بکات.

بەڵام لە هەمووی کایگەرتر هێرشە ئەلکترۆنییەکانی وڵاتی بەریتانیا بووە کە سەرجەم دەزگای تەندروستی ئەو وڵاتەی لە کارخستووە، بەشێوەیەک کارمەند و پزیشکەکان بەهۆی لەکارکەوتنی کۆمپیوتەرەکانیانەوە، ناچار بوون قەڵەم و کاغەز بەکار بهێنن.
لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکان ڕووبەڕووی ئەو هێرشە ئەلکترۆنییە بوونەتەوە.

لە وڵاتەکانی ئیسپانیا و برتوگال و ئەرجەنتینیش تۆڕەکانی مۆبایل و پەیوەندی کردن ڕووبەڕووی هێرشە ئەلکترۆنییەکان بوونەتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە دوێنێوە ئاگاداری هێرشە ئەلکترۆنییەکەیە و لە ئێستاشدا لە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریدایە لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکان و دەرەوەش، هاوکات ئامادەیی خۆشی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی کۆمەکی هونەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە ئەلکترۆنییانە.

ئەوە  لەکاتێکدایە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو بەرنامە ئەلکترۆنییە ڤایرۆسییە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت پێیان وایە ئەوکەسانەی دزەیان کردووە بە پرۆگرامی ڕانسوموار و گۆڕینی بۆ بەرنامەیەکی قێزەون کە بە ئۆتۆماتیکی بڵاودەبێتەوە، توانیویەتی سوود لە بەشێک لە ژمارەی نهێنی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا وەربگرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی ٢٠١٣دا بەهەمان شێوە چەند سیستمێکی ئەلکترۆنی لە وڵاتی کۆریای باشوور ڕووبەڕووی هێرشی ئەلکترۆنی بویەوە، وەک چەند لە بانکێکی ئەو وڵاتە.

لە وڵاتی تونسیش لە ساڵی ٢٠١٤دا تۆماری دەنگدەران لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەو وڵاتەدا ڕووبەڕووی هێرشی ئەلکترۆنی بویەوە.


سەرچاوە :nrt


PM:03:27:13/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 5860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو