له‌ 1200 كاندید، لیژنه‌ی شاره‌زایانی كۆمسیۆن 105 كاندیدی قه‌بوڵ كرد

‌لیژنه‌ی شاره‌زایانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران

 وێستگه‌ نیوز –  بڕیارده‌ری لیژنه‌ی شاره‌زایانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ دیاریكردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران رایگه‌یاند كه‌ له‌ 1200 كاندید، لیژنه‌ی شاره‌زایانی كۆمسیۆن 105 كاندیدی قه‌بوڵ كرد.

زانا رۆستایی بڕیارده‌ری لیژنه‌ی شاره‌زایانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ دیاریكردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه‌ لیژنه‌كه‌یان گه‌یشتوه‌ته‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتوو له‌ دیاریكردنی كاندیده‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

زانا رۆستایی وتی: "له‌ كۆبونه‌وه‌ی دوێنی لیژنه‌كه‌مان بڕیاردرا كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ نمره‌كانیان له‌(75) به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌یه‌ وه‌ربگیرێن بۆ قۆناغی كۆتایی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی نمره‌كانیان له‌ (75)به‌ره‌و خواره‌وه‌یه‌ دوربخرێنه‌وه‌ له‌ كێبڕكێیه‌كه‌".
وتیشی‌: "به‌م پێیه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر (50) نمره‌ (37.5)یان هێناوه‌ وه‌رگیران و چونه‌ قۆناغی كۆتایی كێبڕكێ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌م نمره‌یه‌ كه‌متریان هێناوه‌ دورخرانه‌وه‌ له‌ كێبڕكێكه‌".
رۆستایی راشیگه‌یاند كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی توانیویانه‌ (75) به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ بێنن (105) كاندیده‌ له‌ كۆی 1200 كاندید.
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ :ئه‌م كاندیدانه‌ نمره‌ی به‌رزیان به‌ده‌ستهێناوه‌ و خیبره‌ی زۆریان هه‌یه‌، توانای باشیان پیشانداوه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌توانن كاروباری كۆمسیۆن به‌ڕێوه‌ببه‌ن، له‌نێو ئه‌و (105) كه‌سه‌ ته‌نها (9) كه‌سیان هه‌ڵده‌بژێرێن بۆ ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی شاره‌زایان روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "له‌ قوناغی داهاتوودا دۆسیه‌ی ئه‌م (105) كه‌سه‌ ئاڕاسته‌ی ده‌زگای موسائه‌له‌ و ده‌زگای نه‌زاهه‌ و خوێندنی باڵا ده‌كرێت بۆ وردبینیكردن له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانیان ره‌نگه‌ له‌م قۆناغه‌ش چه‌ند كه‌سێك دوربخرێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێبینیان له‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌مێنه‌وه‌ یه‌ك یه‌ك چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی نوێیان بۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نێو ئه‌و ژماره‌یه‌ ته‌نها (9) كه‌سیان هه‌ڵبژێرێن".

زانا رۆستایی ئاشكراشیكرد كه‌ "بڕیاروایه‌ له‌مانگی ته‌موز كۆتایی به‌م پڕۆسه‌یه‌ بێت و ئه‌م (9)كه‌سه‌ پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت وه‌كو ئه‌نجوومه‌نی نوێی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان".


PM:07:21:14/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 2529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت