مهككین داوا دهكات باڵیۆزی توركیا له ئهمریكا دهربكرێت
وێستگه نیوزـ
سیناتۆرێـکی گەورەی کۆماری داوایکرد وڵاتەکەی باڵیۆزی تورکیا لە واشنتن دەربکات، ئهوهش پاش ئەوەی پاسەوانانی سەرۆکی تورکیا لەگەڵ هێزی تایبەتی تورکی ڕۆژی سێشەممە لە ناوجەرگەی واشنتنی پایتەخت لە خۆپـیشاندەرانیان دا.
جۆن مەککین، سیناتۆری كۆمارییهكان ئەمڕۆ پێنجشهممه 18ی ئایاری 2017، لە لێدوانێـکدا بۆ کەناڵی MSNBC وتی "ئێرە ئەمریکایە نەک تورکیا یان وڵاتێـکی جیهانی سێـیەم، بۆیە ئەم جۆرە ڕەفتارانە نابێت بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕببن، ئیدی ئایا بە ڕێگەی دیپلۆماتی بێت یان دەشێت سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەین بەو پـێـیەی دەکرێت ئەو کەسانە بناسرێنەوە."
پاشان بێژەرەکە پرسیاری لێکرد و وتی"بە چاوی خۆتان دەبینن ئەو شەقاوەیانە ڕاستەوخۆ پەیوەندیـیان بە ئەردۆغانەوە هەیە، باشە کۆشـکی سـپی دەبێت لە ئێستادا چ هەنگاوێک بنێت و ئێوەش لە ئەنجومەنی سیناتدا چیتان پـێـدەکرێت."
لە وەڵامدا مەککین وتی" وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پـێکرد دەبێت باڵیۆزی تورکیا دەربکرێت، چونکە ئەوانە کەسانی ئاسایی نین و پاسەوانانی ئەردۆغانن و پـێدەچێت کەسێـک فەرمانی پـێکردبن بڕۆن و لەو خۆپـیشاندەرە ئاشتیخوازانە بدەن."
لە کۆتایدا ئهو سیناتۆره وتی " پێموایە دەبێت ئەو کەسانە سزابدرێن، چونکە یاسای ئەمریکیان پـێشێلکردووە، بۆیە نابێت رەفتاری لەو جۆرە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رووبدات، خەڵکی لە وڵاتی ئێمە مافی هەیە بە ئاشتیانە خۆپـیشاندان بکات و خۆپـیشاندەرەکانیش بە ئاشتیانە خۆپـیشاندانی خۆیان دەکرد."
PM:10:29:18/05/2017
ئهم بابهته 4505
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت