‌پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی سەبارەت بە کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا
PM:05:46:19/05/2017

وێستگە نیوز -

بەبۆنەی کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی بزووتنەوەی گۆڕان کرد و ڕایگەیان کە ،هاوبەشی خەمی لایەنگرانی گۆڕانن.


لە پەیامەکەی پارتیدا هاتووە "بەبۆنەی كۆچی دوایی بەڕێز (نەوشیروان مستەفا) رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان،  پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری بەڕێزیان و چڤاتی نیشتمانی و ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەین و هاوبەشی خەمیانین".

مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت:  "لە خودای گەورە داواكارین سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت و گیانی کۆچکردویش بخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شادبکات".

سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ شۆڕش حاجى وتەبێژى بزووتنەوەى گۆڕان ڕاگەیاند، نەوشیروان مستەفا ڕیکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان لە کاتژمێر ٨ى ئەم بایانییەدا لەدواى ململانێیەکى سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، کۆچى دوایى کرد.

نەوشیروان مستەفا ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان لە تەمەنى ٧٣ ساڵیدا کۆچى دوایى کرد و بڕیارە سبەى کاتژمێر ١٠ى سەرلەبەیانى لە گردى زەرگەتەى شارى سلێمانى بە خاک بسپێردرێت.

تاوەکو ئێستا بەبۆنەى کۆچى دوایى نەوشیروان مستەفاوە چەندین پەیامى سەرەخۆشى ئاڕاستەى بنەماڵە و کەسوکار و لایەنگران و ئەندامانى بزووتنەوەى گۆڕان کراون.




ئه‌م بابه‌ته 3801 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی زیاتر

Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.